لە 964ـەوە چیرۆکەکەى بزانە

ناوی گەلی عەلی بەگ لە چییەوە هاتووە؟

964+

ئاکام غەفور- سۆران

هەموومان گوێبیستی ناوی گەلی عەلی بەگ بووین و لەسەر دراوى پێنج هەزار دیناریش وێنەى گەلییەکە هەیە، ئەم چەند رۆژەش دواى تێکچوونى پردەکە، گەلى عەلى بەگ بووە بە وێردى سەرى زمان و بنى زمانى خەڵک و میدیاکان، بەڵام دەزانن ناوى گەلى عەلى بەگ لە چییەوە هاتووە؟

فازڵ عەبدوڵقادر، شارەزا و مێژوونوس بۆ 964 وتی، “ناوەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە پاشای گەورەی میرنشینی سۆران، لەم شوێنە پیاوێک لە سێدارە دەدات کە ناوی عەلی بەگی داسنی بووە، ئیتر لە دوای ئەو رووداوەوە گەلیەکە ناوی بوو بە گەلی عەلی بەگ”.

ئەو شارەزایە چیرۆکی رووداوەکە باس دەکات و دەڵێت، “عەلی بەگ پیاوێکی ئێزدی بووە، دوو کوڕی میری ئامێدی دەکوژێت، میری ئامێدیش لای پاشای گەورە سکاڵا دەکات، پاشای گەورەش هێرش دەکاتە سەریان و عەلی بەگ بە دیل دەگرێت و دەیهێنێتەوە بۆ رواندزو داوای لێدەکات بچێتە ژێردەسەڵاتی میرنشینی سۆران، بەڵام عەلی بەگ ئامادە نییە بچێتە ژێر دەسەڵاتی پاشای گەورە، ئەویش لەم گەلیە لە سێدارەی دەدات”.

ئەو چیرۆکەی مێژوونوسەکە باسی دەکات لە سەرەتای ساڵی 1800 بووە، لە پەرتوکێکی مێژووییش، کە مێژووەکەی بۆ 50 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە هەر بە هەمان شێوە باس لە ناوی گەلی عەلی بەگ کراوە.

گەلی عەلی بەگ، رێگایەکی بازرگانی نێودەوڵەتی و گەشتیارییە، دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و ئیدارەی سۆران، بە شارەکانی دیکەی کوردستانەوە دەبەستێتەوە، رێگاکە بە ناوی هامڵتۆنیش ناسراوە کە لە ساڵی 1932 لە لایەن ئەندازیارێکی  نیوزلەندی بە ناوی هامڵتۆنەوە دروست کراوە و وێنەى شەلالى گەلییەکەش لەسەر دراوى پێنج هەزار دینارى عێراقى هەیە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

پردە شکاوەکەی گەلی عەلی بەگ چی بەسەرهات؟

پردە شکاوەکەی گەلی عەلی بەگ چی بەسەرهات؟