کێ ئەنجامیداوە؟
بۆردومان کراوە؛ هەسەدە: زیان بە بەنداوی تشرین گەیشتووە
964+
ئەحمەد مستەفا
“دەوڵەتی تورکیا، چەکداری ئۆزبەکستانی، تورکستانی و چیچانی رێکخستووە، لەژێر ناوی “حوراس ئەل دین”، هێرشیان پێ دەکاتە سەر بیابانی مەنبج و بە فڕۆکەی بێفرۆکەوان بۆردوومانی بەنداوی تشرین و دەوروبەریشی دەکات”.
ئەوە نوێترین راگەیەندراوی، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سووریای دیموکراتک “هەسەدە”یە، کە دەشڵێ لە ئەنجامی بۆردومانەکان زیان بە بەنداوی تشرین گەیشتووە و بۆ ئەوەش، تورکیا بەرپرسیارە.
لە راگەیەندراوێک کە پێگەی خۆی بەیانی کردووە، هێزەکە دەڵێ، بەرە بەیانی ئەمڕۆ بە پشتگیری پێنج فڕۆکەی بێفرۆکەوانی تورکیا، تانک و چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر گوندەکانی عەتشانە، سەعیدین، خربەتوینی، زمالە، مستاحە، مەحشیە، گردی سیریاتیل، گوندی عەلوش لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری منبج.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە بێت، شەڕڤانان تەواوی هێرشەکەیان تێکشکاندوەە، هەسەدە دەڵێ، “دەیان چەکدار کوژران، دوو تانک و دوو ئۆتۆمبێلی دۆشکەهەڵگر، بە گشتی شەش ئۆتۆمبێلی سەربازییان تێکشێندراون”.
دەقی راگەیەندراوەکە:
بە بەشداری سەدان ئەندامی ڕێکخراوی ‘حوراس ئەل دین’ کە هاوڵاتی ئۆزبەکستانی و تورکستان و چیچانن، دەوڵەتی تورکیا و چەکدارەکانی هێرشێکی سەختیان بۆ سەر گوندەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی شاری منبج و گوندەکانی بەنداوی تشرین ئەنجامدا، هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە و دەیان چەکدار کوژران و بریندار بوون.
بەرە بەیانی ئەمڕۆ بە پشتگیری پێنج فڕۆکەی بێفرۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، تانک و چەتەکان هێرشیان کردە سەر گوندەکانی عەتشانە، سەعیدین، خربەتوینی، زمالە، مستاحە، مەحشیە، گردی سیریاتیل، گوندی عەلوش لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری منبج، شەڕڤانانمان تەواوی هێرشەکەیان تێکشکاند، دەیان چەتە کوژران، دوو تانک و دوو ئۆتۆمبێلی دۆشکەهەڵگر، بە گشتی شەش ئۆتۆمبێلی سەربازییان تێکشکاند.
شەڕڤانانمان کە لە لە دژی داگیرکاری تورک و چەتەکانی بەرخۆدانێکی مەزن ڕابەری دەکەن، لە بەرانبەر چەتەکان سنگ بە سنگ شەڕیان کرد. ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە دواتر دیمەنی پێکدادانەکە و تێکشکاندنی ئۆتۆمبێلەکان بڵاودەکاتەوە.
دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی شکستی چەکدارەکان بشارێتەوە، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی قورس بەنداوی تشرین و دەوروبەری بۆردومان کرد. هەندێک بەشی بەنداوەکە زیانیان بەرکەوتووە. لە بەرانبەر مەترسییەکانی سەر بەنداوەکە و دەوربەری تورکیا بەرپرسیارە.