لە ساڵى 1975 دروستکراوە
چیرۆکى دروستکردنى پردى گەلى عەلى بەگ
+964
ئاکام غەفور-سۆران
چیرۆکى دروستکردنى پردەکەى گەلى عەلى بەگ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1975، کرێکارێک کە ئەو کات رۆژانە بە دینار و درهەمێک کارى تێدا کردووە، باسى دروستکردنى پردەکە دەکات و دەڵێت، ئەوکاتیش بە جەگ بەرزمان دەکردەوە.
سلێمان سابیر، یەکێکە لەو کرێکارانەى کە لە ساڵى 1975 بەشدار بووە لە دروستکردنى پردى گەلى عەلى بەگ، بۆ 964 قسەى کرد و دەڵێت،” ئەوکات ئامێرى پێشکەوتوو نەبوو، پارچە پارچە دەمانبردە ناو رووبار و لەوێ بە جەگ بەرزمان دەکردەوە، ئەمە سێ مانگى ویست تا تەواو بوو”.
وەک باسى دەکات، 70 کرێکار لە دروستکردنى پردەکەدا کاریان کردووە، ئەو رۆژانە یەک دینار و یەک درهەم و مانگانە 21 دینارى وەرگرتووە لە پاى کارکردن لە پردەکەدا.
دەشڵێت: ئەو پردە زۆر بە پتەوى دروستکراوە و هیچ خەرجییەکى نەبووە بۆ نۆژەنکردنەوە و ئەو پردانە بێ خەرجین.
ئێستا کە زانیویەتى پردەکە شکاوە، چووە سەردانى پردەکە و کرێکارەکان بکات و ئامادەیى خۆى دەربڕیوە کە بەخۆبەخشى هاوکاریان بێت لە چاککردنەوە، هەروەک پێشى وایە ئەو کارانەى ئێستا بۆ چاککردنەوەى پردەکە دەکرێن، سەرکەوتووە.
هەینى رابردوو 27.12.2024، بارهەڵگرێک خۆی کێشا بە پردی گەلی عەلی بەگ کە شوێنی بەیەکگەیشتنی رووباری باڵەکیان و رواندزە و بەهۆیەوە بەشێکى پڕدەکە تووشى رۆچوون بوو و زیانى پێگەیشت و هاتوچۆى لە پردەکە بڕى، لەو رۆژەوە تیمەکان سەرقاڵى چاککردنەوەین و بڕیارە لە دوو رۆژى داهاتوودا، بەڕووى ئۆتۆمبێلەکاندا بکرێتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح