"عێراق نەوتی نەناردووە"

هەرێمی کوردستان؛ زیاتر لە 127 هەزار خێزان ماوە نەوت وەربگرن

964+
ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێ، تا ئێستا پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی پاڵپشتیكراوی نەوتی عێراق نەگەیشتووە پێیان، ئاماژە بەوەشدەکات، بە بەرهەمی ناوخۆ، 243 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک و 215 هەزار خێزان دابەش كردووە.

کە دەکاتە رێژەی لە 86% کۆی نەوتی دابەشکراو، لەو بڕانە، 127 هەزار و 808 خێزان ماون نەوتی ئەمساڵ وەربگرن.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 2.1.2025، لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، 243 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە سەر زیاتر لە ملیۆنێک و 215 هەزار خێزان دابەش كردووە، بۆ زستانی ئەمساڵ و لە ماوەیەكی كەمدا بە نرخێكی پاڵپشتیكراو توانیوێتی تا رۆژی 31.12.2024 زیاتر لە 243 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە سەر زیاتر لە یەک ملیۆن 215 هەزار خێزان دابەش بكات.

وەزارەتەکە دەڵێ، سەرەڕای نەناردنی نەوتی پاڵپشتی کراو تائێستا ، بڕیارە بڕە نەوتێك کە بڕەکەی تەنیا 50ملیۆن لیترە كە زۆر كەمترە لە پشكی هەرێمی كوردستان و تەنها بەشی 19% پێویستی خێزانەکانی هەرێمی کوردستانە، چاوەڕوان دەكرێت بە چەند كاروانێك بڕە نەوتێكی سپی بگاتە هەرێمی كوردستان و لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر خێزانەكاندا بەم شێوەیە بووە:

– هەولێر400,398 خێزان كە دەكاتە لە 96,5%
– سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین 463,869 خێزان، دەكاتە 89,5%
– دهۆك 194,763 خێزان، دەكاتە لە 86,5%
– هەڵەبجە 21,890 خێزان، دەكاتە لە 71%
– ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 87,638 خێزان دەكاتە لە 99%
– ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 47,187 خێزان، دەكاتە لە 72,5%