ژنە رۆژنامەنووسێکی فارس لە زیندانەوە شیعری شێرکۆ دەڵێتەوە

+964
هێرۆ مەولودی

ئێلاهە محەمەدی، رۆژنامەنووسی زیندانیکراوی ئێرانی داوا لە خەڵکی دەکات، دان بە خۆیاندا بگرن و شیعری “سەفەر”ی شێرکۆ بێکەسی شاعیری کورد دەڵێتەوە.

ئێلاهە یەکێک لە رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوه‌كانی تاران، ئەو لە کاتی ناشتنی تەرمی ژینا ئەمینی چووە شاری سەقز و دوای نووسینی راپۆرتێک دەستگیرکراوە، ئێستاش لە زیندانی قەرچەکی وەرامینه‌.

ئیلاهه‌ لە پەیامێکی دەنگی لەناو زیندانەوە، بە وتنەوەی شیعری شێرکۆ بێکەسی شاعیر ناوداری کورد بە زمانی فارسی، داوا لە هاوڵاتیانی ئێرانی دەکات دان بە خۆیاندا بگرن.

پەیامە دەنگییەكه‌ی ئەم ژنه‌ رۆژنامەنووسە لە هەژماری تویته‌ری سه‌عید پاشایی هاوسەری بڵاوکراوەتەوە، کە شیعرەکەی بەوە دەستپێدەکات “سەفەرە، سەفەری ئازاری زگماک و سەفەری درەختی بێ داڵدە”.

هاوسەری ئیلاهە نوسیویەتی، “ئێلاهە حەز دەکات وەک شێرکۆ ئارامگر بێت و دان بە خۆیدا بگرێ، تا مانگ لەگەڵ خۆی لە غوربەت بهێنێتەوه‌”.

زیاتر لە چوار مانگە لە ئێران خۆپیشاندانە بەهۆی کوشتنی ژینا ئەمینی، کە کچێکی شاری سەقز بوو، بە قسەی بنەماڵەکەی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تاران لێیدراوە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

لەو چەند مانگەدا، بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ، لە سەرجەم شار و شارۆچکە و ناوچەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، سەدان کەس کوژراون و سەدانی دیکەش دەستگیرکراون.