ئاستی پێوانەیی تۆمارکردووە

ساڵی 2024 بۆ بانکی خوێنی هەولێر پڕ بەرەکەت بووە

964+

ژووری هەواڵ

ساڵی رابردوو زیاتر لە 72 هەزار یەکەی خوێن لە بانکی خوێنی هەولێر وەرگیراوە، بانکەکە دەڵێت، لە درێژایی تەمەنیدا هیچ ساڵێک نەگەیشتووەتە ئەو بڕە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1.1.205، بانکی خوێنی هەولێر ئاماری ساڵانەی بڕی خوێنی وەرگیراوی بۆ 2024 بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 72 هەزار و 501 یەکەی خوێن وەرگیراوە کە “زۆرترین و بەرزترین ئاستی وەرگرتنی خوێنە لە درێژایی تەمەنی بانکی خوێنی هەولێر و تۆمارکردنی ژمارەیەکی نوێی پێوانەییە لە ئاستی هەرێمی کوردستان”.

لەو ژمارەیە 35 هەزار و 691 یەکە کە دەکاتە 49.22% لە جۆری بەخشین و 36 هەزار و 810 کە دەکاتە 50.78% لە جۆری لەجیاتی دانان بووە و لە کۆی گشتی خوێنی وەرگیراو، 621 یەکەی لە خوێن بەخشی رەگەزی مێ وەرگیراوە کە دەکاتە 0.85%.

“بۆ دابین کردنی ئەو ژمارەیە لە یەکەی خوێن، بانکی خوێن 41 هەڵمەتی خوێن بەخشینی ئەنجامداوە کە 27 هەڵمەت لە بانکی خوێن و 14 هەڵمەت، تیمی گەرۆکی وەرگرتنی خوێن ئەنجامی داوە”، بانکی خوێنی هەولێر وا دەڵێت.

بە درێژایی ساڵی 2024 هەر وەک چوار ساڵی پێشووی خۆی، هیچ بانگەوازێکی بەپەلە بۆ بەخشینی خوێن ئەنجام نەدراوە لە بانکی خوێن و لەو بڕە خوێنەی کە وەرگیراوە و بەخشراوە، بەشی ئامادەکردنی پێلهاتەکانی خوێن توانیویەتی بڕی 145 هەزار و 55 یەکەی پێکهاتەی خوێن ئامادە بکات  بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکانی هەولێر  و دەوروبەری كە ژمارەیان 59 نەخۆشخانەیە.

هەر رۆژێک لە سلێمانی 95 بوتڵ خوێن بەخشراوە

هەر رۆژێک لە سلێمانی 95 بوتڵ خوێن بەخشراوە