چەندین جۆری رەسەن لەبازاڕەکانی ماسی لەناسرییە دیارنەماون

زیقاڕ – میدیازان

+ڤیدیۆ

ووشکبوونەوەی زۆنگاوەکان بۆتەهۆی نەمانی چەندین جۆری ماسی رەسەن لەناو بازاڕەکانی ناسرییەی سەر بە پارێزگای زیقاڕ.

کامێرای میدیازان گەشتێکی بەناو بازاڕەکانی ماسی کرد لە ناسریە و حاڵەتی نەمانی چەند جۆرێکی لەو ماسییانە لەناو بازارەکان تۆمارکردووە، هەروەها ڕاوبۆچوونی فرۆشیاران و جووڵەی بازرگانی ناو بازارەکەی وەرگرتووە.

ئوم عەلی کە فرۆشیارێکی ماسییە بە میدیازانی ڕاگەیاند “بەهۆی ووشکبوونەوەی زۆنگاوەکان ماسی جۆری بوننی و کەتتان بەتەواتی لەناو بازاڕەکاندا نەماون” جەختیشی لەوە کردەوە “ئەو ماسییانەی ئەمڕۆ لەناو بازاڕەکەدا بەردەستن بریتین لە (ئەلشانک، ئەلسمتی و ئەلخشنی)، کە ئەمەش نرخەکانیان زۆر بەرزە، نرخی جۆری شانک گەیشتۆتە 2500 دینار دوای ئەوەی بە 1500 دینار بوو، ئەلسمتی بە 5500 دینار بوو کە خۆی بە 3500 دینار بوو، ئەلخشنی بە 4500 دینارە کە پیشتر بە 2500 دینار بوو.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە “ماسییەکی کەم لە بازاڕدا هەیە، وەکو شەبوت و سەبور”.

بەسام کەریم کە ئەویش فرۆشیاری ماسییە ووتی “ئەو ماسییانەی کە ئێستا لەبازاڕدا هەن ئەوانەن کە لە دەریاچەکان بەخێودەکرێن” ئاماژەی بەوەشدا “زۆرێک لەو ماسییانەی کە ئێستە بەردەستن لە دەریاچەی پارێزگاکانی ترەوە هێنراون”.

کەریم دووپاتی کردەوە کە “پێش ووشکبوونەوەی زۆنگاوەکان بازاڕەکان پڕبوون لە هەموو جۆرەکانی ماسی، لە کاتێکدا ئەمڕۆ دیارترین جۆرەکانی نەماون، بەتایبەت ئەوەی پێێ دەوترا (ماسی ئازاد)، کە تامێکی زۆر خۆشی هەیە و لەناو زۆنگاوەکان و ڕوبارەکان دەژی و خۆراکیشی تەنها ڕووەکە”. 

تایبەت بە میدیازان