كێبڵی وێستگەكە تەقیوە
وێستگەی گەورەی كارەبا لە دوكانە و بەشێكی قەزاكە كارەبایان نییە
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
بەهۆی تەقینی یەكێك لە كێبڵەكانی وێستگەی دوكان، بەشێكی قەزای دوكان و دەوروبەری بێ كارەبان، بەڕێوەبەری كارەبای دوكانیش دەڵێت، “دوو تیمی كارەبای سلێمانی خەریكی چارەسەركردنن”.
عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری كارەبای دوكان بە 964ی وت، لە كاتژمێر 4:30 ی ئێوارەوە بەشێكی قەزای دوكان و دەوروبەری بێ كارەبان، بەهۆی تەقینی كێبڵی 33ی وێستگەی دوكانەوە، تیمەكانمان هەوڵیانداوە چارەسەری بكەن، بەڵام تائێستا نەتوانراوە كێبڵەكە چاكبكرێت و كارەبا بگەڕێننەوە بۆ قەزاكە.
وتیشی، شەش ڤیدەری ناوچەكە كارەبای پچڕاوە، كە هەریەك لە تەواوی دوكانی خوارەوە، كلكەسماق، قەمچوغە، مێرگەپان و ناحیەی سورداش بەهەموو گوندەكانییەوە بێ كارەبان.
ئاماژەی بەوەش كرد، هۆكاری تەقینی كێبڵەكە نادیارە، بەڵام كاتێك كارەبا كوژاوەتەوە تیمەكانی دوكان هەوڵیانداوە كارەباكە بگەڕێننەوە، لە ئەنجامدا كێبڵەكە تەقیوە.
“دوو تیمی هێڵەكان و وێستگەكانی كارەبای سلێمانی خەریكی چارەسەركردنی كێشەكەن، هەموو هەوڵێك دەدەین ئەمشەو كارەبا بگەڕێننەوە بۆ دوكان و دەوروبەری”، بەڕێوەبەری كارەبای دوكان وای وت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا