میقداد میری زانیاری نوێی پێ بوو
تاوانی تیرۆرستی لە عێراق 82% کەمی کردووە؛ تەلەفۆنێکی نوێشیان داناوە
964+
ئەحمەد مستەفا
عێراق ئەمساڵ بە ئەمن و ئەمانترین ساڵ ناو دەبات و بۆ ساڵی داهاتوو ژمارە 911 دەکات بە ژمارە تەلەفۆنی فریاگوزاری هاوڵاتیان و 24 کاتژمێر کارا دەبێت، تا هاوڵاتی هەر گرفت و کێشەیەکی هەبێت دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان ئاگادار بکات و بچن بە هانایەوە.
وەزرەتی ناوخۆی عێراق، داتای تاوانەکانی بڵاو کردەوە، تەنیا کردەوەی تیرۆرستی لە ساڵی 2024 بە رێژەی 82% کەمی کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29.12.2024، میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ پلانی پشووەکانی سەری ساڵ و داتا و ئاماری ئەمساڵ سازکرد و بە میدیاکانی وت، سزای توندی ئەو كەسانە دەدەن، كە لە كاتی ئاهەنگەكانی سەری ساڵدا تەقە دەكەن و یاساكان پێشێل دەكەن.
باسی لەوەشکرد، ساڵی 2024 ساڵێكی پڕ بوو لە ئاسایش بۆ عێراق، هەروەها وەزارەتی ناوخۆ توانا ئەلیكترۆنییەكانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان بەهێز کردووە، هەروەها تاوانەكان بە ڕێژەی 18% كەم بووەتەوە، تاوانەكانی رفاندن و دزیكردن بە رێژەی 20%كەم بووەتەوە ، تاوانە تیرۆریستییەكانیش بەڕێژەی لە 82% كەم بووەتەوە.
میری ئەوەی خستەڕوو، بۆ یەكەمجار لە مێژووی وەزارەتەكەیاندا، گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیایەكی كۆریدا كراوە بۆ كڕینی دوو فڕۆكەی ئاگركوژێنەوە، هەروەها نەخۆشخانەیەكی تایبەت بۆ هێزەكانی ناوخۆ دادەمەزرێت، هەروەک وەزارەتی ناوخۆ لە هەوڵدایە بۆ بەسیستەم كردنی سەرجەم كارەكان بۆ رێگریكردن لە گەندەڵی.
لە بارەی خزمەتەگوزاری نوێی فریاگوزاری، “لە سەرەتای ساڵی داهاتوەوە هێڵی فریاکەوتن بە ژمارە 911 كارا دەبێت بۆ خزمەتی هاوڵاتیان و هەر پێویستیەکی پەیوەست بە فریاکەوتنی بەپەلەیان هەبوو دەتوانن پەیوەندی بەو ژمارەیەوە بکەن”، میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق وای وت.