نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان: رێکخراوەکە جێی متمانە نین
رێکخراوێکی بەرگری: زۆرترین پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە بەغدا و هەولێر كراوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
راپۆرتی ساڵانەی كۆمەڵەی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەگەری PFAA ئاشكرای كرد، لە ساڵی 2024 پێشێلكاری بێ وێنە دەرهەق بە رۆژنامەنووسانی عێراق و هەرێمی كوردستان كراوە، لە بەغدا و هەولێریش زۆرترین پێشێلكاری تۆمار كراون، نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستانیش پێی وایە راپۆرتەكە پشتی پێنابەسترێت.
راپۆرتی كۆمەڵەكە ئاماژە بەوە دەكات، 457 حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسانیان تۆمار كردووە، كە پێكدێت لە “كوشتن، دەستگیركردن، دەستبەسەركردن، هەڕەشە، داوای یاسایی و رێگریكردن لە رووماڵ.
هەروەها ئەوەیان خستووەتەڕوو، لە شاری بەغدای پایتەختدا 105 حاڵەتی پێشێلكاری تۆماركراوە، كە زۆرترینیان تۆماركردنی سكاڵای یاسایی بووە لە لایەنە حكومییەكانەوە، لە دوای ئەویش هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دێت بە 103 حاڵەت.
بە گوێرەی ئامادەكارانی راپۆرتەكە، هیچ شارێكی عێراق لەو پێشێلكارییانە بەدەر نین و هیچ مانگێكیش نەبووە حاڵەتەكان تۆمار نەكرێن، واش دەردەكەوێت دامەزراوە سەربەخۆكان و سەندیكا پیشەییەكانیش بە شارەزاییەوە رۆڵیان لە تۆڵەسەندنەوە و ترساندنی رۆژنامەنووسان لە ناوخۆی وڵاتدا بینیوە، ئەمە جگە لەوەی هەوڵدان بۆ سەپاندن و هۆشداریدان بە میدیاكان و رێگریکردن لە دەرکەوتنی هەندێك لە كەسایەتییەكان بە پێی میزاج و هەوای لایەنە جێبەجێكارەكانیش هەبووە.
حاكم ئازاد حەمەدئەمین نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان لە بارەی راپۆرتی كۆمەڵەكە بە 964ی وت، “رێكخراوەكە دانپێدانراو نییە و جێی متمانە نین، بۆیە راپۆرتەكەشیان پشتی پێنابەسترێت”.
وتیشی، لیژنەی دادكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان هەیە و ئەویش بەم زووانە راپۆرتی خۆی دەبێت.
راپۆرتەكەی كۆمەڵەی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەگەری لە عێراق، دوورودرێژە و لە 42 لاپەڕە پێكهاتووە و بە عەرەبی ئامادەكراوە.
لەو لینكەوە دەتوانن بینینن: