ئێوارەى ئەمڕۆ لە سنوورى ئامێدى
لە شەڕى نێوان سوپاى تورکیا و پە*.کە.*ـکە ئۆتۆمبێلى هاوڵاتییەک پێکرا
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
بەدیاریکراوى چەند رۆژێکە لە سنوورى قەزاى ئامێدى، شەڕ لە نێوان سوپاى تورکیا و گەریلاکانى پە*.کە.*ـکە بەردەوامە و ئێوارەى ئەمڕۆش ئۆتۆمبێلى هاوڵاتییەک بەرکەوت.
، ئۆتۆمبێلى هاوڵاتییەک لە جۆرى پیک ئاپ زیانى پێگەیشت.
سەعید بەرگارەیى دانیشتوى ناحیەى دێرەلوک چیرۆکەکەى بۆ 964 گێرایەوە و وتى،” ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى 27.12.2024، لەسەر رێگاى سەرەکى قەزاى ئامێدى بۆ ناحیەى دێرەلوک و گوندى سەرگەڵێ، کاتێک لەسەر رێگاکە دەڕۆیشتین لە ناکاو گوێمان لە دەنگێکى بەهێز بوو، دیار بوو ئۆتۆمبێلەکەى پێش خۆمان بەرکەوت و زیانى زۆرى پێگەیشت”.
بەپێى گرتەى ڤیدیۆیى و وێنەى ئەو ئۆتۆمبێلەى زیانەکەى پێگەیشتووە و تایبەت بۆ 964ـى ناردووە، ئەو هاوڵاتییە دەڵێت، نازانین چ ئۆتۆمبێلەکە بە چ جۆرە چەکێک پێکرا، بەڵام زیانى زۆر بووە و بەرکەوتە بەهێز بووە.
“لە رووداوەکەدا جگە لە زیانى مادى زیانى گیانى نەبووە”، ئەو هاوڵاتییە واى وت.
لاى خۆیەوە سەرچاوەیەکى ئەمنى سنوورى ئامێدى بە 964ـى وت،” ماوەى دوو رۆژە شەڕەتەقە و رووبەڕووبوونەوە کە هەندێ جار تۆپبارانى تێدەکەوێت، لە سنوورى گوندى سەرگەڵێ بەردەوامى هەیە”.
ناحیەی دێرەلوک دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی لەسنووری پارێزگای دهۆک و سوپاى تورکیا هاتووەتە ناو بەشێک لە سنوورى ناحیەکە و دەورووبەرى ئامێدى.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح