لە سلێمانی
سکۆتەر پارەی ژمارەیەک هاوڵاتی برد
+964
دیلان محەمەد جەزا
ژمارەیەک هاوڵاتی لە شاری سلێمانی و قەزای شارەزوور لە پێگەیەکی ئوستورالی بە پارە پشکیان کڕیوە، کە کۆمپانیای بەکرێدانی سکۆتەرە و چاوەڕوانی قازانج بوون، بەڵام پێگەکە داخراوە و پارەکەیان دیار نەماوە.
دابان سەعید یەکێک لە بەشداربووەکان بە 964 وت، لە مانگی هەشتی ئەمساڵەوە پێگەیەک بۆ بەکرێدانی سکۆتەر هاتووەتە سلێمانی و هاوڵاتییەکی زۆر بەشداریان تێدا کردووە، بەڵام لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە بەرنامەکە راگیراوە.
باسی لەوەش کرد، ئەو بەرنامەیە لە 400 دۆلارەوە دەستیپێکردوە بەرەو سەرەوە، رۆژێک پێش داخستنەکەی ئۆفەرێک هاتوە و داوای لێکردوون ئاستەکەی بەرز بکەنەوە بە پارە بۆ ئەوەی زیاتر سوودمەند ببن، بۆیە ژمارەیەک لە بەشداربووەکان پارەی زیاتریان داوە.
ئەوەی خستەڕوو، بەرنامەکە ناوی گرینوود بووە، بەشداربوو دەیتوانی بە 900 دۆلار 15 سکۆتەر بە کرێ بگرێت بۆ ماوەی دوو ساڵ و هەر رۆژێک 31 دۆلاری دەستدەکەوت.
وتیشی، لە تیلیگرام گرووپێکیان هەبووە و چەند ئەدمینێکی کوردی تێدا بووە، دوای وەستانی بەرنامەکە ئەوانیش دیارنەماون، لە گرووپەکەدا نزیکەی دوو هەزار و 600 کەسی تێدابووە.
شێوازی بەرنامەکە بە شێوەی یەکتر بانگهێشتکردن بووە و کەسێک بەشداری کرودوە و کەسێکی دیکەی هێناوەتە ناوەوە و بۆ ئەمەش پاداشتی وەرگرتووە.
بە پێی زانیارییەكانی 964 كە لە چەند هاوڵاتییەكی دیكەی هەرێمی كوردستان دەستی كەوتووە، نزیكەی دوو هەفتە لەمەوبەر پرۆگرامێكی دیكەی هاوشێوە داخرا، كە بەشداربووان لە رێگەی سەیركردنی ترایلەری فیلمەكانەوە پارەیان وەردەگرت و دەبوو بۆ بەشداریكردن بڕەپارەیەك بە بەرنامەكە بدەن، ئەویش پلاتفۆرمەكەی داخست و پارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی كوردستان و عێراق و وڵاتانی دەوروبەری برد.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا