فڕۆکەیەکی هێڵێ ئاسمانی عێراقی وێنە: سۆشیاڵ میدیا
ویستوویەتی کورسیەکەی بگۆڕێت
عومرەکارێک گەشتێکی ئاسمانی بۆ ماوەی 45 خولەک دواخست
964+
ژێوار خدر
گەشتێکی هێڵی ئاسمانی عێراقی ئەمڕۆ هەینی 27.12.2024 ماوەی 45 خولەک دواکەوت، بەهۆی دەمەقاڵێی یەکێک لە سەرنشینەکان لەگەڵ تیمی فڕۆکەکە سەبارەت بە گۆڕینی کورسیەکەی.
لە سعودییەوە بۆ عێراق فڕۆکەکە دەهاتەوە.
سەرچاوەیەک لە هێڵی ئاسمانی عێراقی بە 964ـی راگەیاند، تیمی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراقی، کە کۆمەڵێک عومرەکاری هەڵگرتبوو و لە شاری مەدینەوە بەرەو عێراق گەشتی دەکرد، هەوڵیاندا سەرنشینێکی عێراقی له فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شازادە محەمەد بن عەبدولعەزیز، رادەستی بەرپرسانی سعودیە بکەن.
هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە دوای ئەوەی لەگەڵ تیمی فڕۆکەکه، لەسەر گۆڕینی کورسییەکەی بووە بە دەمەقاڵێیان و ئەمەش وایکردووە گەشتەکە بۆ ماوەی 45 خولەک دوابکەوێ.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد، سەرنشینانی فڕۆکەکە عومرەکارانی چەند پارێزگایەکی جیاوازی عێراق بوون و هەر ئەوانیش رێگرییان لە رادەستکردنی گەشتیارەکە کردووە و دۆخەکەیان هێورکردووەتەوە.