"رەوە باڵندەیەک فڕۆکەکەیان خستووەتە خوارەوە"
هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئازەربایجان لە کازاخستان ئاشکرابوو
964+
شۆڕش قادری
بەپێی میدیای ئازەربایجان، رەوە باڵندەیەک هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئەو وڵاتە بوون کە بەیانی ئەمڕۆ لە کازاخستان تێکشکا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 25.12.2024 فڕۆكەیەكی مەدەنیی هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان لە شاری ئاكتاوی كازاخستان كەوتەخوارەوە و لە ئەنجامدا 60 كەس گیانیان لەدەست دا و شەش كەسیش رزگاریان بوو.
ئاژانسی هەواڵی ئازەرتاج کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئازەربایجانە بە پشت بەستن بە راپۆرتێکی کۆمپانیای ئەزال دەڵێت، “بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هۆکاری رووداوەکە پێکدادانی فڕۆکەکە بووە لەگەڵ ڕەوە باڵندەیەک”.
فڕۆكەكەی ئازەربایجان لە باكۆی پایتەختی ئەو وڵاتەوە گەشتی بەرەو گرۆزنیی پایتەختی كۆماری چیچان كردووە، لە نیشتنەوەیەکی ناچاریدا لە دووری سێ کیلۆمەتر لە شاری ئاکتاو لە کازاخستان تووشی کێشە بوو و تێکشکا.