ئەو ناوچەیەى لە زستاندا لە ژێر پلەى سفرى سیلیزییەوەیە

بۆ جارى دووەم نەوت لە پێنجوێن دابەش دەکرێت

964+

کامیار کەمال- پێنجوێن

لەخۆڕانییە دەڵێن پێنجوێن ساردە و زستانى وەک سەهۆڵبەندانە، ئەوەتا جارێکى دیکە کەشە ساردەکە واى کردووە بەرپرسانى شارەکە هەوڵ بدەن بۆ دابینکردنى بەرمیلێکى دیکەى نەوت بۆ خەڵکەکەى و بڕیارە سبەینێ دەستبەدابەشکردنى بکرێت.

هاوکار عومەر، لێپرسراوى کارتى سووتەمەنى لە قایمقامییەتى پێنجوێن بە 964ـى وت،” سبەینێ چوارشەممە، بۆ جاری دووەم لە پێنجوێن نەوت دابەش دەکرێت و لە یەکەم قۆناغدا 10 تانکەر نەوتی سپی دەگاتە قەزاکە، بەڵام تا ئێستا بڕیارمان نەداوە لە کام گەڕەکەوە دەست بە دابەشکردنى بکەین”.

وەک ئەوەى باسى دەکات، سەرماى پێنجوێن هۆکار بووە کە هێمن ئیبراهیم، قایمقامى قەزاکە نووسراو بۆ فەرمانگەى کانزا و سووتەمەنییەکان بکات و داواى ئەوە بکات بڕى 200 لیترى دیکەى نەوتى سپى بۆ دانیشتوانى پێنجوێن دابین بکرێت.

“نەوتەکە بە هەمان شێوەى پێشووتر، بڕى 200 لیترە و 104 هەزار دینارى لەبەرامبەریدا لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت”، هاوکار عومەر واى وت.

روونیشى کردەوە، پێنجوێن ناوچەیەکى ساردە و ساڵانە خێزانەکان پێویستیان بە زیاتر لە دوو بەرمیل نەوت هەیە، هەرچەندە مانگێک دەبێت ئەو بڕە نەوتە دابینکراوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى موچە دواکەوتبوو، دابەشکردنى دواکەوت تا خەڵکى بتوانن وەریبگرن.

لە بارەى ئەوەى ئەو کەسانەى تازە هاوسەرگیریان کردووە و مەمەڵەى کارتى سووتەمەنیان کردووە، هاوکار عومەر وتى،”هەموو ئەوانەى کارتەکانیان پێدراوەتەوە، دەتوانن نەوت وەربگرن”.

رۆژى 22.9.2024 ، وەک قۆناغى یەکەم بڕى 200 لیتر نەوت بەسەر هەر خێزانێکدا دابەشکرا.

پێنجوێن قەزایەکى هەرێمى کوردستانە و دەکەوێتە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و لە رێگەى دەروازەى باشماخەوە هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتى کوردستان و وڵاتى ئێران، بەڵام بەهۆى سەختى و بەرزى لە ئاستى رووى دەریاوە، ناوچەیەکى ساردە و لە زۆربەى کاتەکانى وەرزى زستاندا پلەکانى گەرما لە ژێر سفر پلەى سیلیزییەوەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

سەرماکەی پێنجوێن دەستیپێکرد

سەرماکەی پێنجوێن دەستیپێکرد