رێگاى چوارقوڕنە بۆ دوکان

ئەو پڕۆژەیەى 13 ساڵى رەبەقە تەواو نەبووە، جارێکى دیکە کارکردن تێیدا راگیرا

964+

وریا فەتاح

پڕۆژەى رێگاى دووسایدى چوارقوڕنە بۆ دوکان، پڕۆژەیەکى گرنگ و ستراتیژى، ئیدارەى راپەڕین، هەولێر و سلێمانى  بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەرچەند دەبوایە لە 2014 تەواو بکرایە، بەڵام زیاتر لە 13 ساڵە بە تەواو نەکراوى ماوەتەوە و ناوە ناوە کارى تێدا دەکەن و دواتر دەوەستێت.

964 سۆراغێکى وردى بۆ کارەکانى پڕۆژەکە کردووە و دەستى گەیشتووە بە وردەکارى گرفت و کێشەکان.

پڕۆژەى رێگاى دوسایدى چوارقوڕنە- دوکان چییە؟

یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژە گرنگەگانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە، رێگاى سەرەکى دانیشتوانى ئیدارەى راپەڕین و سۆران و بەشێکى هەولێر و دهۆکە بە سلێمانییەوە.

پڕۆژەکە لە مەفرەقى حاجیاوا، واتا لە دەروازەى چوارقوڕنەوە دەستپێدەکات تا دەگات بە قەزاى دوکان و نزیکەى 55 کیلۆمەترە.

پڕۆژەکە سێ قۆناغە بەم شێوەیە:

قۆناغى یەکەم: لە مەفرەقى حاجیاوا دەستپێدەکات و لە رێگاى سماقوڵى کۆتایى دێت و درێژییەکەى 18 کیلۆمەترى دوو سایدە و 95 لەسەدى کارەکانى لە پێش 2021 تەواو بووە و ئێستا هاتوچۆى بەسەردا دەکرێت و هێڵکارى و ئەندازەیى و هەندێ وردەکارى ماوە.

قۆناغى دووەم: لە رێگاى لادان بۆ سماقوڵى دەستپێدەکات تا نزیکەى 10 کیلۆمەتر پێش ئەوەى بگەیت بە قەزاى دوکان و درێژییەکەى 25 کیلۆمەترە و گوژمەکەى 54 ملیار دینارە، لە 2021 سایدێکى رێگاکە 7 کیلۆمەتر و 200 مەترى قیرکراوە و هاتوچۆى بەسەردا دەکرێت.

قۆناغى سێیەم: لە دواى قۆناغى دووەم دەستپێدەکات تا دەگاتە ناو دوکان و درێژییەکەى 10 کیلۆمەترە و تائێستا دەستى لێنەدراوە.

کێشەى سەرەکى پڕۆژەکە ئەوەیە، قۆناغى دووەمى پڕۆژەکە لە کۆتاییەکانى 2021ـەوە وەستاوە و کارى تێدا ناکرێت.

ناوەڕاستى مانگى 9ـى ئەمساڵ دوو جار دانیشتوانى خەلەکان و گوندەکانى سەر رێگەکە دژى راگراتنى کارەکانى پرۆژەکە گردبوونەوە، رۆژى 17.9.2024، دانا عەبدولکەریم وەزیرى ئاوەدانکردنەوەى حکومەتى هەرێم، سەردانى خەلەکانى کرد و لەوێ لەگەڵ نوێنەرى خۆپیشاندەران و بەڕێوەبەرى ناحیەى خەلەکان و کۆمپانیاى جێبەجێکار کۆبووەوە و بڕیاریدا بە دەستپێکردنەوەى کارکردن لە پڕۆژەکە.

"وابڕوات منیش دێمە ریزى خۆپیشاندەرانى خەلەکان"

“پڕۆژەى رێگاى دووسایدى دوکان چوارقوڕنە، ساڵى 2011 چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و دەبوایە پێش 2014 تەواو بکرێت، هەرچەندە لەو ماوەیەدا مانگانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم هاتووە و داهاتى ناوخۆش لەبندەستى حکومەتى هەرێم بووە و گرفتى دارایى نەبووە، بەڵام تا ساڵى 2019 رێژەى تەواوکردنى پڕۆژەکە کەمتر بووە لە 20%”، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەى خەلەکان واى وت.

لەسەر ئەو بابەتە، کامەران عەبدوڵا بەڕێوەبەرى ناحیەى خەلەکان بە 964ـى وت،” پڕۆژەکە ستراتیژى و وزارییە، نەک پڕۆژەى ناحیە و قەزا، بەڵام دواى ئەوەى لە 10.10.2024، لەسەر بەڵێنى وەزیرى ئاوەدانکردنەوەى کە وتبووى قسەى لەگەڵ جێگیرى سەرۆکى حکومەت کردووەو پارە بۆ پڕۆژەکە خەرج دەکەن، کۆمپانیا بڕیاریدا کار لە پڕۆژەکەدا بکاتەوە و لەو ماوەیەدا 4 کیلۆمەترى رێگەکەیان ئامادەکرد تەنیا قیرکردن ماوە، بەڵام لە 9.12.2024، کۆمپانیا یاداشتێکى ئاراستەى ناحیە کرد و ئاگادارى کردنەوە کە کارکردنى لە پڕۆژەکە راگرتووە و پارەیان بۆ خەرج نەکراوە”.

دواى یاداشتەکە، بەڕێوەبەرى ناحیەى خەلەکان خۆى دەگەیەنێتە نوسینگەى قوباد تاڵەبانى و داوایان لێدەکات پارە بۆ پڕۆژەکە خەرج بکەن، بەڵام وەک ئەوەى کامەران عەبدوڵا باسى دەکات، نوسینگەى قوباد تاڵەبانى پێى وتووە، بچۆ بۆلاى جێگرى پارێزگار و ئەویش پێى وتووە کێشەى دابەشکردنى موچەیان هەیە.

بۆچى کارکردن لە پڕۆژەکە دووبارە راگیرا؟

کۆمپانیاى ئەکشن لایەنى جێبەجێکارى قۆناغى دووەمى پڕۆژەى رێگاى چوارقوڕنە بۆ دوکانە، بە وتەى عومەر محەمەد کە خاوەنى کۆمپانیاکەیە و بۆ 964 قسەى کردووە، دەڵێت،”قۆناغى دووەمى پڕۆژەکە درێژییەکە 25 کیلۆمەترە و گوژمەى پڕۆژەکە 54 ملیار دینارە، تا ئێستا 60%ـى کارەکانى تەواو کراوە، بەڵام نزیکەى 30 ملیار دینار ماوە بۆ پڕۆژەکە وەربگیرێت و لە کۆتایى 2021ـەوە کارکردن تێیدا راگیراوە، ئەوەش دواى ئەوەى زیاتر لە 2 ملیار دینارمان کەوتە لاى حکومەت و بۆمانى خەرج نەدەکرد”.

وەک باسى دەکات، دواى خۆپیشاندانەکانى ناوەڕاستى مانگى نۆى ئەمساڵى دانیشتوانى خەلەکان، لەسەر بەڵێنى وەزیرى ئاوەدانکردنەوە کە پێیانى وتووە، تا کۆتایى ئەمساڵ 4 ملیار دینارى دیکەیان بۆ خەرج دەکرێت و رەزامەندى قوباد تاڵەبانى بۆ پارەکە وەرگرتووە، دەستیان بە کارکردن کردەوە و ئێستا لە پردى باداوانەوە تا کانى وەتمان 4 کیلۆمەتریان ئامادەکردووە و تەنیا قیرکردنى ماوە.

بە وتەى خاوەنى ئەو کۆمپانیایە، هەرچەندە بڕیاردرا پارەیان بۆ خەرج بکرێت، بەڵام یەک دیناریان بۆ خەرج نەکردوون و ئەوانیش لە 10.12.2024ـەوە کارکردنیان لە پڕۆژەکە راگرتووەتەوە.

خەرجکردنى پارە بۆ پڕۆژەکە بەسەرچاو

“دواى ئامادەکردنى 4 کیلۆمەتر رێگاکە، ترسمان لە دڵدا بوو کە پارەمان بۆ خەرج بکرێت، بۆیە پەیوەندیم بە د. ماكوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی کرد، ئەو وتى هیچ نوسراوێکم پێنەگەیشتووە بۆ خەرجکردنى پارە بۆ پڕۆژەکە و ئاگادار نەکراونەتەوە، ئاگادارکردنەوەش تەنیا لاى جێگرى سەرۆکى حکومەت دەکرێت و هیچ کەسى دیکە، بۆیە د. ماکوان پێى وتم نوسراوى ئەوم بۆ بهێنە بەسەرچاو، دواى ئەوە چەند جارێک لە نوسینگەى جێگرى سەرۆکى حکومەت و وەزیرى ئاوەدانکردنەوە هەوڵمدا بۆ خەرجکردنى پارە بۆ پڕۆژەکە، بەڵام هەر بەسەرچاو بەسەرچاوم دەستکەوت”.

ئێستا پڕۆژەکە زیاتر لە 10 رۆژە کارکردن تێیدا وەستێنراوە، هەرچەندە کۆمپانیاکە چەند جارێکى دیکە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى گشتى بانکى ناوەندى هەرێم لە سلێمانى قسەیان کردووە، تا دواجار پێیان وتوون، “هیچ نوسراومان بەدەست نەگەیشتووە بۆ خەرجکردنى پارە بۆ پڕۆژەکە، بۆیە پارە نییە بۆ پڕۆژەکە”.

964 کۆڵى نەدا و قسەى لەگەڵ، د. ماكوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی کرد، ئەو وێراى ئەوەى پڕۆژەکەى بە پڕۆژەیەکى ستراتیژى و گرنگ وەسفکرد، بەڵام وتى،”لێدوان لەسەر ئەو بابەتە نادەم”.

964 بۆ سۆراغى زیاترى ئەم بابەتە، پەیوەندى بە دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و توانا داود، بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەوە کرد، بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکان نەدرایەوە.

بەشێک لە دانیشتوانى خەلەکان و گوندەکانى رێگاى رانیە – ...

بەشێک لە دانیشتوانى خەلەکان و گوندەکانى رێگاى رانیە – بۆ دوکانیان گرت