بە تەنکەر ئاویان بۆ دەچێت
تۆڕى ئاوى خواردنەوەى گەڕەکێکى هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە
964+
وریا فەتاح
بەهۆى کۆنبوونى تۆڕى ئاوى خواردنەوەى هەریەک لە گەرەکەکانى (رزگارى، کرێکاران و سەفین)، بەڕێوەبەرایەتى ئاوى هەولێر پڕۆژەی دانان و گۆڕینی تۆڕی ئاوی گەڕەکی رزگای ئەنجامدەدات.
وەک بەڕێوەبەرایەتییەکە باسى دەکات، پڕۆژەکە لەلایەن تیمێك لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر، سەرپەرشتی ئەنجامدانی پڕۆژەکە دەکرێت کە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر پارەى بۆ تەرخانکراوە.
ئەوەش روونکراوەتە کە لە پڕۆژەی دانان و گۆڕینی تۆڕی ئاوی گەڕەکی رزگای بۆڕى لە جۆرى ئەسیلین 110 ملیمى بە درێژى 1500 مەتر بەکارهاتووە.
جەختیش لەوە کراوەتەوە کە ماوەى تەواوبوونى پڕۆژەکە 180 رۆژە و بەشێکى کارەکانیشى تەواو کراون.
“لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی تۆڕی ئاوی گەڕەکی رزگاری زیاتر لە 300 هاوبەشی ئاو سودمەند دەبن و لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانی پڕۆژەکە ئاو بە تەنکەر بۆ هاوبەشانی ئاو دابینکراوە لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە”.