لەکوێ و لەگەڵ کێ دادەنیشی؟
ئەمشەو شەوی یەڵدایە و درێژترین شەوی ساڵە
964+
شۆڕش قادری
ئەمشەو شەوی یەڵدایە و درێژترین شەوی ساڵە، هەندێک لە بنەماڵەکان بەدەوری یەکدا کۆدەبنەوە و لەگەڵ ئازیزانیان شەوەکە بەسەردەبەن.
شەوی یەڵدا یان شەوی چلە ئەو شەوەیە کە تیایدا خۆروەگەڕی زستان تیایدا ڕوو ئەدات، لە کلتووری فارسدا جەژنێکە لە درێژترین و تاریکترین شەودا.
لە نیوەگۆی باکوری زەویدا و لە جوگرافیای کوردستاندا شەوی 21 لەسەر 22ـی کانوونی یەکەم، شەوی یەڵدا و درێژترین شەو دەبێت.
شەوی یەڵدا كە درێژترین شەو و كورتترین رۆژی ساڵە، لە ڕووە زانستییەكەیەوە كاتێك روودەدات كە خۆر دەكەوێتە گەورەترین خاڵی سەر هێڵی ناوەڕاستی زەوی، میللەتانیش هەر یەكەو بەشێوەیەك ئەو شەوە بەڕێدەكەن، خواردن و چالاكیی و فێستیڤاڵ و كۆبوونەوەی كەسوكار و هاوڕێیان لە تایبەتمەندییەكانی ئەو شەوەن.
یەڵدا بە مانای لەدایكبوون:
شەوی یەڵدا وشەیەكی سریانییە بەمانای لەدایكبوون دێت، كە مەبەستیش لێی لەدایكبوونی خۆرە.
لە ناو نەتەوەكانی وەكو ئاریاییەكان و هێندییەكان و ئەوروپییەكان و ئێرانی كۆندا، یەكەم شەوی زستان كە بەشەوی یەڵدا ناسراوە، بەمانای سەركەوتنی ئاهورامەزدا بەسەر ئەهەریمەندا دێت، واتە سەركەوتنی رووناكی بەسەر تاریكیدا.
لەناو کوردیشدا وشەی یەڵدا زیاتر بەکاردێت نەک چلە، شاعیری ناوداری کوردیش، نالی هەڵبەستێکی بەناوی شەوی یەڵدا هەیە و گۆرانیبێژی کورد عەدنان کەریم کردوویەتی بە گۆرانی.