964 گۆڕانکارییەکانی نرخی شتومەک لە بازاڕدا ئاشکرا دەکات

964+

توانا نەقی

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار کاریگەری لەسەر شمەک و خواردنەکان لە بازاڕدا دروستکردووە و نرخەکانی بەرزکردوەتەوە و زیانیشی بە بەشێک لە مارکێتە گەورەکان گەیاندووە.

سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە تۆڕی964 راگەیاند، نرخەکان رێژەییە و بەشێوەیەکی گشتی بەرزبوونەوەکە لە نێوان 250 دینار بۆ 500 دینارە، هەندێک شەمەکیش هەزار دینار چووەتەسەری.

وتیشی “بۆ نموونە فەردەیەک فاسۆلیای 40 کیلۆیی، چوار هەزار دینار گرانبووە، واتە بۆ هەر کیلۆیەک 100 دینار زیادیکردووە، بۆ برنج و زۆرینەی خۆراکەکانی دیکە بەهەمانشێوەیە”.

سەبارەت بە سزادانی ئەو کەسانەی کە لە خۆیانەوە نرخ بەرزدەکەنەوە سۆران غەفور دەڵێت: لیژنەکانمان بە رۆژە پشوەکانیش چاودێری بازاڕ دەکەن و هەر کەسێک نرخ بەبێ هۆکار بەرزبکاتەوە سزا دەدرێت و سزاکەش دەمودەست داخستنی شوێنەکەیە.

964 زیاتر بەدواداچونی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی شمەک کردووە، لەیەکێک لە زنجیرە مارکێتەکان زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو.

جەرگۆ جەعفەر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زنجیرە مارکێتەکانی تیمارت لە کوردستان بە تۆڕی964ی وت “نرخی شمەکەکان بەرزبووەتەوە بە رێژەی 12٪، واتە بۆهەر 10 هەزار دینارێک 600 دیناری چووەتە سەر، فەردەیەک برنج ئەگەر بە 20 هەزار دینار بووبێت ئێستا بووەتە 21 هەزار و 200 دینار، سەرجەم ئەو شمەکانەی لەدەرەوە و بە دۆلار هاوردە دەکرێت نرخەکانیان بەرزبووەتەوە”.

“لە ماوەی یەک مانگدا بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و هێنانی شمەک 200 هەزار دۆلار زیان بەر زنجیرە مارکێتەکانمان کەوتووە، بەنسبەت فرۆشتنیشەوە لە سەدا 75 کاریگەری لەسەر بازاڕ هەبووە” جەرگۆ جەعفەر، وادەڵێت.