هەڵەبجەییەكان سبەینێ نەوت وەردەگرن
+964
محەمەد عومەر
سبەینێ لە هەڵەبجە نەوت بە 105هەزار دینار بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەكرێت.
نوخشە ناسیح، قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە، بەتۆڕی964ی راگەیاند: سبەینێ لە لایەن لیژنەكانی دابەشكردنی نەوت لە ناوەندی قەزای هەڵەبجە دابەشدەكرێت بەسەر هاوڵاتییاندا.
نەوتەكە لەرێگەی كۆبۆنی تایبەتەوە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەكرێت.
هەر خێزانێك یەك بەرمیل نەوت بە بڕی 105هەزار دینار وەردەگرێت لە رێگەی لیژنەیەكی تایبەتەوە نەوتەكە دابەشدەكرێت.
پەیامنێری تۆڕی964 گەڕانێكی بە گەڕەكەكانی ناو شاری هەڵەبجەدا كردووە، هیچ كەس لە گەڕەكەكان ئامادەكاری بۆ وەرگرتنی نەوت نەكردووە و لە گەرەكەكان بەرمیلی نەوت دانەنراوە.
ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە 120هەزار كەسە و دانیشتووانی قەزای ناوەندی هەڵەبجە 75 هەزارە.
نوخشە ناسیح وتیشی “لەماوەی 10 رۆژدا سەرجەم ئەو بڕە نەوتەی كە دەمانەوێت پێماندەگات و دابەشی دەكەین بەسەر هاوڵاتیاندا.
پارێزگای هەڵەبجە، پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر نەوت هەیە، پێشتر لە ناوچە شاخاویەكانی هەڵەبجە سێ ملیۆن لیتر نەوت دابەشكراوە، ناوشاریش پێویستی بە سێ ملیۆن لیتر نەوت هەیە
شلێر جەمال، ئەندامی ئەنجومەنی گەڕەكەكانی هەڵەبجە بە تۆڕی964ی راگەیاند: تا ئێستا هیچ دیار نییە كە نەوتەكە سبەی دەكاتە هەڵەبجە یان نا، بەڵام ئەگەر بكاتە دەستمان لەو باوەڕەدام خەڵكی نەوتەكە وەربگرن.
پێشتر بەشێك لەدانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە رایانگەیاندبوو، ناتوانن بەو نرخە نەوت بكڕن و داوایان لە حكومەت هەبوو بە كەمتر نەوتەكەیان پی بدات.