لەبری هیلیۆم گازی دیکە بەکارهێنراون کە گڕ دەگرن
لەسەر تەقینەوەی باڵۆنەکانی ئارایشتگاکە دوو شوێنی فرۆشتن و کارگەیەک داخران
964+
ژێوار خدر
دوای ئەوەی دوێنێ لە ئارایشتگەیەکی هەولێر چەند باڵۆنێک تەقینەوە، بەرگری شارستانی هەولێر لێکۆڵینەوەی کرد و دەرکەوت لەبری گازی هیلیۆم گازی دیکە بەکارهێنراون کە گڕ دەگرن و بەهۆشییەوە دوو شوێنی فرۆشتن و کارگەیەک داخران.
شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی وت، دوای لیکۆڵینەوەکانمان بۆمان دەرکەوت، ئەو گازەی بەکاریدەهێنن بۆ پڕکردنی باڵۆنەکان گازى هيليۆم نيیە، بەڵكو به شێوەیەکی ناياسايى خۆيان بەچەند ئامرازێكى سەرەتايى گاز دروست دەکەن.
وتیشی، ئەو شوێنانەی باڵۆنەکان دەفرۆشن بە کڕیارەکان دەڵێن بە دیلیڤێری باڵۆنەکانتان پێدەگەیەنین و لە کارگەیەک لەبری گازی هیلیۆم گازی هایدرۆجین و نایترۆجینن کە زوو گڕ دەگرن دەکەنە باڵۆنەکان .
روونیشیکردەوە، لەسەر ئەو رووداوە، دوو کەس ئێستا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و دوو شوێنی فرۆشتن و کارگەیەکیش داخراون.
دوێنێ ئێوارە لە یەکێک لە ئارایشتگاکانی هەولێر مەراسیمێکی ئاهەنگ بە بۆنەی رۆژی ئاڵاوە رێکخرابوو لە کۆتاییدا چەند باڵۆنێک تەقین و ئاگریان گرت و مەترسی دروست کرد، بەهۆیەوە هیچ کەسێک زیانی پێنەگەیشت