جامی عێراق
ئەمڕۆ بلیتی یارییەكەی هەولێر و سامەڕا بەخۆڕاییە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە دەستپێكی جامی عێراقدا ئەمڕۆ یانەی هەولێر میوانداریی یانەی سامەڕا دەكات، هەلێكی ئاسان بۆ هەولێر هەیە بگاتە قۆناغی 16.
ئەمڕۆ گەڕی 32ی جامی عێراق بە ئەنجامدانی هەشت یاری دەستپێدەكات و سبەیش بە هەمان شێوە هەشت یاریی دیكە دەكرێن.
دیارترین یاریی ئەمڕۆ، دیداری نێوان هەردوو یانەی هەولێر و سامەڕایە، كە كاتژمێر 5:00 لە یاریگەی فرانسۆ هەریری دەستپێدەكات، ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر وابڵاوكرایەوە یانەی سامەڕا پاشەكشەی لە پاڵەوانیەتییەكەدا كردووە.
سەبارەت بە یاریی ئەمڕۆ، موئەیەد مەغدید سەرۆكی كاتیی یانەی هەولێر بە 964ی راگەیاند، بڕیاریانداوە بلیتی هاتنەژوورەوەی هاندەران بۆ یاریی ئەمڕۆ بەخۆڕایی بێت، بۆ ئەوەی زۆرترین هاندەر ئامادەبن و پشتگیریی یانەكەیان بكەن.
وتیشی، “چاوەڕێی ئەوەین تیپەكەمان بردنەوە تۆمار بكات و بچێتە قۆناغی داهاتوو”.
بە پێی سیستمی ركابەرییەكانی جامی عێراق، هەر تیپێك بە یەك دۆڕان ماڵئاوایی دەكات و بە بردنەوەش بۆ قۆناغی دواتر سەردەكەوێت.
پاڵەوانیەتیی جامی عێراق دەرفەتێكی باشە بۆ یانەی هەولێر بتوانێت بگاتە نازناوەكە و دواتریش بەشداریكردن لە پاڵەوانیەتییەكانی دەرەوە، چونكە ژمارەی یارییەكان كەمترە و جگە لە یانەكانی خولی ئەستێرەكان، یانەكانی پلە نایاب و پلە یەكیش تێیدا بەشدار دەبن .
یانەی هەولێر لە وەرزی 2022-2023 گەیشتە یاریی كۆتایی جامی عێراق و لەوێدا بە 0-1 گۆڵ بە یانەی قوەی جەوییە دۆڕا.
خشتەی یارییەكانی ئەمڕۆ لە جامی عێراق:
مینا – كوفە 1:45 خولەك
كازمیە – نەفتی بەسڕە 1:45
كارەبا – رومادی 1:45
گەرمە – مەسافی 1:45
ئیتیساڵات – قاسم 1:45
هەولێر – سامەڕا 05:00
دیالە – نەفتی وەسەت 05:00
نەفت – ناسڕیە 05:00