لە رێگەی چوونی بۆ ئەوروپا بێسەروشوێن بوو
دوای 28 ساڵ لە ئەفریقا دۆزرایەوە
964+
محەمە عەلی – راپەڕین
هاوڵاتییەکی ناحیەی سەروچاوەی دەڤەری راپەڕین، دوای 28 ساڵ لە بێسەروشوێنبوونی ئێستا لە یەکێک لە زیندانەکانی ئەفریقا دۆزرایەوە.
سەیفوڵا حسێن لە ساڵی 1996 رۆیشتووەتە ئەفریقا و دواتر لەوێوە ویستوویەتی کۆچ بکات بۆ ئەوروپا و لەو کاتەوە بێسەروشوێن بووە و ئیستا لە رێگەی رێکخراوێکەوە هەواڵ بە کەسوکاری گەیشتووە کە لە یەکێک لە زیندانەکانی ئەفریقایە.
خدر حسێن، برای ئەو کەسەیە قسەی بۆ 964ـی کرد و وتی، براکەم 28 ساڵە بێسەروشوێنە و هەموومان وامان دانابوو مردووە، بەڵام چەند رۆژێکە لەلایەن ریکخراوێکەوە هەواڵمان پێگەیشتووە کە ماوە و لە یەکێک لە زیندانەکانی ئەفریقا راگیراوە.
سەبارەت بە هۆکاری گیرانەکەی براکەی سەیفوڵا وتی، تا ئێستا نازانین هۆکارەکەی چییە و تەنیا دەزانین کە ئێستا دەیانەوێت دیپۆرتی بکەنەوە بۆ کوردستان.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر