%99.97ـی کارەکان بێ کێشە کۆتاییان هاتووە

پڕۆسەی سەرژمێری کردن لە پشدەر کۆتایی هات

964+

ژێوار خدر

فەرمانگەی ئاماری پشدەر ئەمڕۆ هەینی 13.12.2024، رایگەیاند، پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان بە هەموو قۆناغەکانیەوە لە قەزای پشدەر بە شەش ناحیەوە کۆتایی هاتووە بە رۆژێک بەر لە وادەی تەواوبوونی پڕۆسەکە .

دەشڵێت، لە کۆی 41 هەزار و 827 پۆینت، تەنیا 13 پۆینتمان تەواونەکراو ماوەتەوە، کە ئەوەش کێشەیەکی گشتیی بووە لە دەسەڵاتی ئەواندا نەبووە، %99.97ـی پڕۆسەکە بێکێشە کۆتایی هاتووە.

فەرمانگەکە ئامارەکانی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:

ناحیەی ناوەند: لە کۆی 23 هەزار و 795 پۆینت تەنیا حەوت پۆینت کێشەی هەیە.

ناحیەی هێرۆ: 900 پۆینتی تەواوکراوە.

ناحیەی هەڵشۆ: لەکۆی دوو هەزار و 516 پۆینت تەنیا یەک پۆینت کێشەی هەیە.

ناحیەی ژاراوە: لە کۆی چوار هەزار و 488 پۆینت تەنیا دوو پۆینت کێشەی هەیە.

ناحیەی ناودەشت: لەکۆی نۆ هەزار و 105 پۆینت تەنیا سێ پۆینت کێشەی هەیە.

ناحیەی ئیسێوە: هەزار و 23 پۆینتی تەواوکراوە

ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو پڕۆسەی سەرژمیری کردن لە 10ەی ئەم مانگە کۆتایی بێت و پێشتر دڵزار حەمەساڵح، بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر بە 964ـی راگەیاندبوو، قۆناغی سێیەمی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ چوار رۆژی دیكە درێژکراوتەوە و تا 14ی مانگ بەردەوام دەبێت.

باسی لەوەشکردبوو، “كۆمەڵێك كێشە هاتبوونە بەردەم پرۆسەكە، كە وای كرد كارەكان لە وادەی خۆیدا تەواو نەكرێن، كە بڕیار بوو 10ی ئەم مانگە بەكۆتا بێن”.

پرۆسەی سەرژمێری تا 14ی مانگ درێژكرایەوە

پرۆسەی سەرژمێری تا 14ی مانگ درێژكرایەوە