پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری دروست دەكرێت
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر بەڵێنی چی بە خاوەن زەوییەكانی گردجوتیار دا؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری بۆ قەرەبووكردنەوەی گوندی گردجوتیار – ناوچەی پەرەپێدان جێبەجێ دەکرێت، سەرۆكی شارەوانیی هەولێریش بەڵێنی رێپێدانی دروستكردنی خانووی بە خاوەن زەوییەكانی ناوچەكە دا.
پڕۆژەكە پێكدێت لە دانانی تۆڕی ئاو، دروستکردنی عەمباری ئاو و ژووری بوستەر – کاری میکانیک و کارەبا.
سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە 12.12.2024 رایگەیاند، بودجەی پڕۆژەكە یەك ملیار و 735 ملیۆن و 348 هەزار دینارە.
ئاماژەیان بەوەش كردووە “سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر و چەند لایەنێكی دیكە پڕۆژەكەیان بەسەركردەوە، كە لە ناوچەی پەرەپێدانە لە نزیك گوندی پیرڕەش و گوێیان لە داخوازی و داواکاریەکانی خاوەن زەوییەکانی قەرەبووی گردجوتیار گرت، بەڵێنیش درا هەرچی زووە داخوازیەکانیان لە پاکێچی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکەدا جێبەجێ بکرێت”.
“سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دڵنیایی به خاوەن زەوییەکان دا بۆ رێپێدانی دروستکردنی خانوو و جێبەجێکردنی داواکانیان” لە راگەیاندراوەكەی شارەوانیی هەولێردا وا هاتووە.
هاوكات پڕۆژەکەش پێک دێت لە سێ بیر بە قووڵیی 450 مەتر، دانانی تۆڕی ئاو، دروستکردنی دوو عەمباری کۆنکرێت (1000) مەتر سێجا، هەروەها کاری میکانیكی و کارەبایی ژووری پەمپەکان (دوو دانە) ، ئەمە جگە لەوەی رێپێدان بە خاون زەوییەكان دەدرێت بۆ دروستکردنی خانوو لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێرەوە.