15 دۆنم دیاری کراوە

زاخۆ یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری زیندانی سیاسی و شەهیدان دروستدەکات

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

بەبڕیارى حکومەتى هەرێمی کوردستان، کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکى کیمیایى دەبنە خاوەن یەکەی نێشتەجێبوون و سەرەتا لە زاخۆوە دەستپێدەکردێت.

ئیدریس عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی شارەوانی زاخۆ بە 964ـى وت،”شوێنی بۆنیادنانی یەکەکانی نێشتەجێبوونمان بۆ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگوندی سەلکا یەک لەسەر سێ کەرتی 89 دەستنیشانکردووە و لەسەر بۆدجەی حکومەت دروست دەکرێت”.

وەک باسى دەکات، رووبەرى ئەو یەکانە 15 دۆنمە کە دەکاتە 63 هەزار مەتر دووجا، بەڵام جارێ نازانن چەند یەکەى نیشتەجێبوون دروست دەکرێت.

جەختیش دەکاتەوە، ئەو کەسانە سودمەند دەبن کە پێشتر لەوەرگرتنی پارچە زەوی و خانوو و یەکەى نیشتەجێبون، سودمەند نەبوونە.

سەبارەت بە زیندانیانی سیاسی وەلید رەشید، سەرۆکی رێکخراوی زیندانیانی سیاسی بە 964ـى راگەیاند،” نزیکەی چوار هەزار زیندانى سیاسى پێشتر لەوەرگرتنی پارچە زەوی سودمەند نەبوونە، ئەوانەی تۆمارکراون کاروباری هەموویان رێکخراون و ئامادەن ئەگەر شتێکیان بۆیان بکرێت”.

لای خۆیەوە ئەحمەد خەمۆ بەرێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانیش بۆ 964 ئەوەى ئاشکراکرد،” تەنیا نزیکەی 80 کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان ماون کە سودمەند نەبوونە لەپارچە زەوی”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

زاخۆ یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری زیندانی سیاسی و شەهیدان دروستدەکات