لەوێ شەڕ و رووبەڕووبوونەوەى زۆر هەیە
هەسەدە ترسى لە تەقاندنەوەى بەنداوى تشرین هەیە
964+
وریا فەتاح
بەپێى هەواڵى میدیاکانى نزیک لە هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە)، لە بەنداوى تشرین کە دەکەوێتە باشوورى رۆژهەڵاتى مەنبج، هێزەکانی سوریاى دیموکرات رووبەڕووى ئەو تانک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەى گرووپەکانى نزیک لە تورکیا بوونەتەوە، کە روویان لە ناوچەکە کردووە و هێزەکانى سوریاى دیموکراتیش ترسیان هەیە زیان بە بەنداوەکە بگات.
وەک ئەوەى میدیاکانى نزیک لە هەسەدە باسى دەکەن، لەسەر بەنداوەکە، هێزەکانى سوریاى دیموکرات رووبەڕووى هێرشى “گرووپە بەکرێگیراوەکانى نزیک لە تورکیا” بوونەتەوە.
جەختیش لەوە کراوەتەوە، کە شەڕ و پێکدادانى توندوتیژ بەردەوامە، بەڵام هێزەکانى سوریاى دیموکرات ترسیان لە تەقاندنەوەى بەنداوەکە هەیە لە لایەن ئەو گرووپانەوە.
ئەوەش روونکراوەتەوە، کە هێزەکانى سوریاى دیموکرات زیانێکى زۆریان لەو گرووپانە داوە.
گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات چاودێری دەکات، ئەو لێدانە وردانەی هێزەکانیان نیشان دەدات.