رێگرى دەکرێت بەرهەمەکانیان هەناردەى دەرەوەى وڵات بکەن
بازرگان و خاوەن کارگەکانى پلاستیک و ریسایکلین گردبوونەوە
964+
دەشتى عارف- هەولێر
بازرگان و خاوەن کارگەکانى پلاستیک و ریسایکلین لە دژى رێگریکردن لە هەناردەکردنى بەرهەمەکانیان بۆ دەرەوەى وڵات و ناوەڕاست و باشورى عێراق، لە هەولێر گرد ببنەوە.
کێشەکە لەوەوە سەریهەڵداوە، لە 1.11.2024ـەوە، بە بڕیارێک رێگرى لە کارگەکانى پلاستیک کراوە بەرهەمەکانیان رەوانەى دەرەوەى وڵات بکەن، بەو هۆیەوە کارگەکان توشى قەیران بوون.
بڕیار کاوە، نوێنەرى گشتى گروپى دۆستى ژینگە و خاوەن کارگەى ریسایکلین بە 964ـى وت،” لێرە گردبووینەتەوە بۆ ئەوەى چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیەمان بدۆزرێتەوە، ناکرێت بەو شێوەیە بەردەوام بین”.
964 لە سەرچاوەیەکى تایبەتەوە زانیویەتى، هۆکارى رێگریکردن لە هەناردەى بەرهەمى کارگەکانى پلاستیک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کۆمپانیایەک (کە ناوەکەى لاى 964 پارێزراوە) دروستکراوە و دەیەوێت هەموو موادە بەرهەمهاتووەکانى ئەو کارگانە کۆبکاتە، بەڵام تا ئێستا ئەو کۆمپانیایە کە مۆڵەتى حکومەتى هەرێمى هەیە، نە مواد و بەرهەمەکانى ئەو کۆمپانیایە وەردەگرێت، نە رێگە دەدات کۆمپانیاکان بەرهەمەکانیان هەناردەى دەرەوە بکەن.
بە وتەى بڕیار کاوە، ئەو کۆمپانیایە نە بەرهەمەکانیان لێ دەکڕێت و نە دەهێڵێت هەناردەى دەرەوەى بکەن، وەکخۆیشى دەڵێت، تورکیا و ئێران و سوریا مەمنونن کاڵاى ئێمە بکڕن”.
تائێستا ئامارێکى دروستى کارگەکانى پلاستیک و ریسایکلین لە هەرێمى کوردستان بوونى نییە، بەڵام بە وتەى عەلى محەمەد کە خاوەن کارگەى پلاستیکە، 200 بۆ 250 کارگەى پلاستیک لە سەرجەم هەرێمى کوردستان بوونى هەیە.
لە ئێستادا کارگەکانى پلاستیک لە هەرێمى کوردستان گەشەى زۆریان بەخۆیانەوە بینیوەو هەموو جۆرەکانى پلاستیک و کەلوپەلە خۆراکییەکانى پلاستیک بەرهەمدەهێنن و لە رابردوو بەرهەمەکانیان هەناردەى هەریەک لە وڵاتانى، ئێران، تورکیا، سوریا و باشور و ناوەڕاستى عێراق کردووە، بەڵام بەهۆى دروستبوونى ئەو کۆمپانیایە لە مانگى 11ـەوە، رێگرى لە هەناردەى کۆمپانیاکان کراوە و تەنیا دەتوانن لە ناوخۆ ساغى بکەنەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح