بنەماکانی گەشتوگوزاری سەرکێشی پەسەندکرا

کەناڵە ئاوییەکان و ناوەندە ئەمنییەکان نابنە گەشتوگوزاری سەرکێشی

964+

ئەحمەد مستەفا

بۆ رێکخستنی گەشتوگوزاری سەرکێشی لە رووی یاسایی و پلانسازییەوە، بنەما و مەرجی پێدانی مۆڵەت و رێکخستنی گەشتوگوزاری سەرکێشی لە هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان پەسەندکرا.

پەسەند کردنەکە، پاڵپشتە بە مادەی 29 لە یاسای گەشتوگوزاری ژمارەی 9ی ساڵی 2022، مەرج و بنەماکانی مۆڵەت و رێخستنی گەشتیاری سەرکێشی رێکخراوە، کە لە 13 بڕگە و چەند رێکار پێکهاتووە.

سەرکێشییەکە بۆ سەخت و ئاسان پۆڵێن کراوە، هەرچی ئەشکەوت و خەرەند و لێخوڕینی بایسکیل و ماتۆڕسکیل لە چیاکان و هاتنە خوارەوە لێی لە خانەی سەرکێشی سەختە، هەروەها شاخەوانی و ئەسپسواری و بایسکل لێخوڕین لە شەقامی تایبەت دەبێتە گەشتوگوزاری سەرکێشی لە پۆڵێنی ئاسان.

بڕگەکان گەشتیاری سەرکێشی لە ناوەندە ئەمنییەکان و سروشتە چڕەکان و کەناڵە ئاوییەکان قەدەغە کردووە، لە هەمان کاتدا رێنوێنی کار و مەرجی کارمەندی پڕۆژەی بە چوار خاڵ پابەند کردووە، هاوکات لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی هەر پڕۆژەیەکی گەشتیاری کە بۆ سەرکێشی دادەمەزرێ، بە چڕی چاودێری دەکرێ.

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 10.12.2024 لە بڵاوکراوەیەکدا کە وێنەیەکی بە 964 دراوە و دەڵێت، کارەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دەستەی گەشتوگوزار بووە بۆ رێکخستنەوە و بە یاسایکردنی چالاکییە گەشتیارییەکان بە ئامانجی زیاتر پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان.

دەقی نوسراو و مەرجەکانی مۆڵەتدان لێرە بخوێننەوە؛