"بەھۆی پابەندنەبوونیان بە مەرجەکانی تەندروستییەوە"
لیژنەکانی تەندروستی چوار چێشتخانەیان لە خورماتوو داخست و ژمارەیەکیش سزادران
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لیژنەیەکی تایبەت بۆ پشکنینی سەرجەم چێشتخانەکان لەپارێزگای سەڵاحەدینەوە گەشتە خورماتوو.
لیژنەکە بە هاوکاری بنکەی تەندروستیی خورماتوو، هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ سەر چێشتخانە و خواردنگەکانی قەزاکە دەستپێکردووە و هەڵمەتەکەش بەردەوامە.
محەمەد ئەکبەر بەیانی، بەڕێوەبەری بنکەی گشتدی تەندروستی خورماتوو بە964ـی وت، لیژنەکە لەسەر داوای ئەوان هاتوون، لە یەکەم هەڵمەتیشدا، چوار چێشتخانەیان بەهۆی پابەندنەبوونیان بە مەرجەکانی تەندروستی داخستووە و زیاتر لە 20 چێشتخانەش ئاگادارکراونەتەوە، بەشێکیشیان سزادراون و کۆمەڵێک خواردنی بەسەرچووشیان لەناوبردووە.
وتیشی، لیژنەکە بە هاوکاردی بنکەی تەندروستی قەزاکە بەردەوامن لە چاودێریکردنی چێشتخانە و خواردنگەکان و هەر شوێنێک پابەندی رێنماییەکان بکات و مەرجە تەندروستییەکانی جێبەجێ نەکردبێت، بە بڕی 250 بۆ 500هەزار دینار سزا دەدرێت و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکانیش شوێنەکەیان دادەخەن.
بۆ یەکەم جارە لیژنە تەندروستییەکانی سەڵاحەدین سەردانی خورماتوو بکەن و زیاتر گرنگی بە چێشتخانەکان دەدەن، چونکە زۆرترین چێشتخانەکانی خورماتوو دەکەونە سەر رێگەی کەرکوک – بەغدا و رۆژانە ھەزاران گەشتیار روویان تێدەکەن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر