کێشەى گواستنەوەى پارەى تەرخانکراوى پشکى هەرێم چارەسەر کرا
راگەیەندراوێک لە وەزارەتى داراییەوە
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى دارایى و ئابووریى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی کێشەی گواستنەوەی پارەی چارەسەر کرد و دەشڵێت: ئەو کورتهێنانەی بۆ موچەی هەرێم لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دروست کراوە، چارەسەر کرا.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاوىکردەوە، دوای سەردانی تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و بردنی لیستی موچەی مانگی کانونی یەکەم بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، دوای هەوڵە بەردەوامەکانیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە توانیان کێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێم بۆ زیادکردنی بڕی تەرخانکراو بۆ موچە چارەسەر بکەن.
وەک باسکراوە، دوێنێ دووشەممە، لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بودجەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە فەرمانی گواستنەوەکە دەرچوو.
جەختیش دەکاتەوە، تیمەکانیان بە بەردەوامی لەسەر هێڵن بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و گەیشتنی پارەکە بە مەبەستی چارەسەرکردن و پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بۆ موچەی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دروست کراوە.