لە کەرکوک

بەشێک لەمامۆستایانی خوێندنی کوردی بایکۆتیان راگەیاند

964+

کاروان ساڵحی-کەرکوک

لەدژی وەرنەگرتنی سێ موچەی (10،11،12)ـى کۆتایى ساڵ، بەشێک لە مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک، بایکۆتیان راگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەممە 9.12.2024، ژمارەیەک لە مامۆستایان و بەڕێوەبەرانى قوتابخانەکانى خوێندنى کوردى لە کەرک، لە بەردەم یەکەی سەرپەرشتیاری گردبونەوە و بایکۆتیان راگەیاند.

هیوا حەسەن یەکێک لەو مامۆستایانەیە و قسەى بۆ 964 کرد و وتى،” ئێمە هاتوین بۆ هەڵوێست وەرگرتن لە دژی بێموچەیی و رێگری کردن لە گواستنەوەی راژە کانمان، ناکرێت دەوامى بێموچە بکەیت دەوامى قوتابخانەکانیش کەم نەکەیتەوە”.

لاى خۆیەوە، سەیران بەهادین بۆ 964 وتى،” وەک مامۆستایانی خوێندنى کوردى لە کەرکوک غەدرێکی زۆرمان لێکراوە لە لایەن هەردوو حکومەت، 35 ساڵ خزمەتم هەیە و 35 نەوەم بەڕێکردووە، کەچى ئێستا بێ موچە دەوام دەکەم”.

ئەو مامۆستایە باسى لەوەشکرد کە منداڵێکى ئۆتیزمى هەیە و منداڵێکیشى خوێندکارى ئامادەییە، بۆیە دەپرسێت ئەگەر موچە نەدرێت چۆن بژێوى ژیانیان دابین بکات؟.

رەئوف محێدین، بەرێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە کەرکوک پشتگیرى داواى مامۆستایان دەکات و بە 964ـى وت،”مامۆستایان مافی خۆیانە شایستە داراییەکانیان لە کاتی خۆیاندا پێبدرێت و ئێمە پشتگیریان دەکەین و لە گەڵ بەرێوەبەرەکان قسەمان کردوە کە هاوکاریان بکرێت”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

پێدانى زەوى مامۆستایانى بەشى خوێندنى کوردى کەرکوکیش د...

پێدانى زەوى مامۆستایانى بەشى خوێندنى کوردى کەرکوکیش دەگرێتەوە