"هێزەکانی لەسەر ئەرکی خۆیانن"
ساڵح موسلیم بۆ 964: لە مامەڵەی تەحریر شام دڵنیا نین
964+
ئەحمەد مستەفا
ساڵح موسلیم بە 964ی وت، دڵنیا نین تەحریر شام و گروپە هاوکارەکانی ئاڕاستەی هێرشەکانیان بۆ ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر پێچەوانە بکەنەوە، بەڵام هێزە ناوخۆییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لەسەر ئەرکی رۆژانەی خۆیانن.
ئێستا، هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ناوخۆ خۆسەر، 40%ـی خاکی سوریایان لەژێر دەستە، بەو ناوچانەشی لە دەوروبەری دێرەزوور کۆنتڕۆڵیان کردووە.
گەرچی موسلیم، گۆڕانکارییەکانی پاش 27ـى مانگی رابردوو لە سوریا بە پڕۆژەی ناتۆ و ئەمریکا دەزانێ، بەڵام بۆی روون نییە، لەگەڵ پێشڕەوییەکانی تەحریر شام بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای سوریا، چی مامەڵەیەک لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەکەن.
ساڵح موسیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە ئەمڕۆ یەکشەممە 8.12.2024 بە 964ی وت، هێزەکانی ئاسایش و هێزەکانی سنوور، لە ناوچەکانی خۆیان سەرقاڵی ئەرکی رۆژانەن، تائێستا هیچ دۆخێکی نەخوازراو دەربارەی ئەگەری هێرشی تەحریر شام و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن لەسەر ناوچەکانی خۆسەر بوونی نییە، بەڵام بۆ ئایندە روون نییە چی روودەدات.
موسلیم لە بارەی دێرەزوور و ئەو ناوچانەی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” پێشڕەوییان بۆی کردووە لە پاش کشانەوەی سوپای سوریا وتی، ئەو هێزانەی کە چوونەتە دێرەزوور، هێزە هاوبەشەکانی کورد و عەرەبی ناو سوریای دیموکراتن، بۆ ئەوە چوون بۆشایی ئەمنی ناوچەکە پڕبکەنەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن چوونە ناو دیمەشقی پایتەختی سوریا و بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆمار هەڵات و حکومەتەکەی کەوت.