گرووپە چەكدارەكان لە بەردەم بینای پارێزگای حەما، فۆتۆ: ئاژانسەكان
گرووپە چەكدارەكان بەرەو دیمەشق
ئەمریكا: رووخانی حكومەتی ئەسەد زۆر نزیک بووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکانی هێزە چەكدارەكانی تەحریر شام و گرووپە هاوپەیمانی بۆ چوونە ناو شاری حمس، وەک ئەوەی راگەیەندراوە، ئیدارەی ئەمریکاش بەرپرسیاریەتیی ئەوەی لە سوریا روودەدات، خستەئەستۆی بەشار ئەسەدی سەرۆكی ئەو وڵاتە.
بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، کۆنتڕۆڵی گرووپە چەكدارەكان بەسەر شاری حمس چەند رۆژێکی پێویستە.
ئەو بەرپرسە ئەمریكییە، كە ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە، بۆ ئەلمۆنتیۆر قسەی كرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا پێیان وایە ئەگەری رووخانی رژێمی سەرۆکی سوریا لە زیادبووندایە.
لەبارەى سوریاوە عێراق هەڵوێستى فەرمى راگەیاند
بەرەو دیمەشق
بەرپرسەكە روونی كردەوە، واشنتۆن پێشبینیی دەکات دوای دەستبەسەرداگرتنی حمس، سەرنجی گرووپە چەكدارەكان بەرەو دیمەشقی پایتەخت بێت.
لە لایەكی دیكەوە کۆشکی سپی ئەسەدی بە بەرپرسیار زانی لەو بارودۆخەی لە سوریا روودەدات، لەم بارەیەوە وتەبێژ بە ناوی كۆشكی سپی لە لێدوانەکانیدا بۆ كەناڵی ئەلعەرەبییە – ئەلحەدەس، دەڵێت، “بەردەوامیی رەتکردنەوەی بەشداریكردن لە پرۆسەی چارەسەری سیاسی لەلایەن سەرۆک کۆماری سوریا، کە لە بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، هەروەها پشتبەستنی بە روسیا و ئێران، ئەو بارودۆخەی ئێستای دروست کردووە”.
“رووخانی هێڵەکانی رژێمی ئەسەد لە باکووری رۆژئاوای سوریا لە ئەنجامی جێبەجێنەکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشە”، وتەبێژەكەی كۆشكی سپی وادەڵێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارەی دوێنێ لە بەغداوە سەبارەت بە چارەنووسی ئەسەد رایگەیاند، “ناتوانرێت پێشبینیی چارەنووسی سەرۆکی سووریا بکرێت”، ئەم قسانەش هاوكاتە لەگەڵ كشانەوەی بەشێكی هێزەكانی ئێران لە سوریا، كە هەنگاوێكی چاوەڕواننەكراو بوو.
تادێت لایەنگرانی سیاسەتی ئەسەد پاشەكشێ دەكەن و ئەوەتا سەرچاوەکانی کرێملینیش لە روسیا، پشتڕاستی دەكەنەوە، روسیا ئامادە نییە لە رووی سەربازییەوە بەشداری لە رووبەڕووبوونەوە بەردەوامەکانی ناو سوریا بکات، بەتایبەتی لەگەڵ کشانەوەی سوپای سوریا لە پێگەکانی، هەرچەندە وەك لە میدیا جیهانییەكانەوە باس دەكرێت، فڕۆكەی روسیا لە چەند شوێنێك بۆردومانی گرووپە چەكدارەكانی كردووە و یارمەتی هێزەكانی حكومەتی سوریای داوە.
لە هەفتەی رابردووەوە گرووپە چەكدارییەكانی توندڕەوەكانی سوریا، بە تایبەتی دەستەی تەحریری شام، پێشکەوتنی کتوپڕ و خێرایان بەدەستهێناوە لە هێرشەكانیان بۆ سەر شارەكانی سوریا و سەرچاوەكانی هەواڵیش باس لەوە دەكەن، سوپای سوریا هیچ بەرەنگاربوونەوەیەك ناكات و لە زۆربەی شوێنەكان بەبێ تەقە پاشەكشێی كردووە، کە لە ئیدلبەوە دەستیپێکرد و توانیان حەلەب و حەما و لادێیەکانی باکووری حمس کۆنتڕۆڵ بکەن و ئێستاش لە دەروازەی شاری حمسن.
هەروەها بەشێكی دیكە گرووپەكان رایانگەیاند، لە باشووری سوریا توانیویانە شاری دەرعا و هەروەها سوەیدایان كۆنتڕۆڵ كردووە.
ئێران دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا کردووە
سوریا
بەتەلەفۆن
مەسرور بارزانی و مەزڵوم عەبدی لەسەر وەزعی ناوچەکە قسەیان کرد
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوون
100 بارهەڵگری سەربازی لە هەرێمەوە چوونە باکووری حەسەکە
بڕیاری دیکەشی دەرکردووە
بە بڕیاری پارێزگار سبەینێ هەموو رێگاکانی چوونە ناو حەسەکە دەکرێنەوە
"ئێستا دوو ئەرکی سەرەکیم هەیە"