پێشڕەوی کراوە
“گروپە چەکدارەکان چوونە ناو شارى تەلبیسە لە باکوری حمس”
964+
ئەحمەد مستەفا
تەلەفزیۆنى سوریا لە زارى سەرچاوە ناوخۆییەکان بڵاویکردەوە، گرووپە چەکدارەکان چوونە ناو شارى تەلبیسە لە باکوری پارێزگای حمس، هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، دەروازەی سنووریی عریزە لە نێوان سوریا و لوبنان لە ئاکامی دەستدرێژییەکی چەکداری کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کراوەتە ئامانج، لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە.
شاری حەما شایەتی پێشهاتە مێژووییە نوێیەکە بوو، لە کاتێکدا گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا، دوای شەڕی توند لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا، تەواوی شارەکەیان کۆنترۆڵکرد.
دوای ئەوەی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان دەستیان بەسەر شاری حەمادا گرت، نیشانەی خۆشی و ئاهەنگگێڕان دەرکەوت خەڵکی حەما بە خۆپیشاندانی بەرفراوان چوونە دەرەوە و پەیکەری حافز ئەسەدیان لە ناوەڕاستی شارەکە رووخاند.
دەستەی تەحریری شام و چەند گرووپێکی چەکداری دیکە دوای ئەوەی هەفتەیەک لەمەوبەر شاری حەلەبیان کۆنترۆڵ کرد، روویان کردە شاری حەماو شەڕە گەورەکەی ئەوێ دەستی پێکرد، ئەوکاتە ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکان توانیویانە گرتوخانەی سەرەکیی شارەکە بگرنە دەست و بە سەدان زیندانییان ئازاد کردووە.
لەلای خۆیەوە سوپای سوریاش وتی، بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی سیڤیل سەربازەکانیان لە چەند ناوچەیەک کشاونەتەوەو لە هەندێ ناوچەی تر خۆیان رێکخستووەتەوە، هەرچەندە میدیای فەرمی سوریا نکوڵی لە کەوتنی حەما کرد، بەڵام دوێنی ئێوارە بە ناڕاستەوخۆ دانیان بە لەدەستدانی بەشێکی شارەکەدا ناو و دواتر زانرا حکومەی کۆنتڕۆڵی شارەکەی لە دەست داوە.