هیچ هێمایەکی لێنییە

لۆفەیک لە رێگای کۆیە بووەتە هۆکاری زۆربوونی رووداوی هاتوچۆ

964+

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

لۆفەی هەواوان لە رێگەی دەشتی کۆیە، بە هۆی لێژی لۆفەکە و بوونی دوو گرد لە نێوان رێگەکە بووەتە هۆکاری چەندین رووداوی هاتوچۆ و وەرگەڕان لەو رێگەیە، نەبوونی هێمای هاتوچۆ و شارەزا نەبوونی شۆفێران لە هۆکارەکانی دیکەن بۆ رووداوی هاتوجۆ لەو شو‌ێنە.

زۆربەی رووداوەکان لە شەواندا روودەدەن، بە هۆی ئەوەی کە هیچ هێمایەکی هاتوچۆی لێ نییە بۆ ئەوەی شۆفێر ئاگاداربکاتەوە لە مەترسیی لۆفەکە، بوونی گردێکیش لەو شوێنە وادەکات شۆفێر رووناکی ئۆتۆمبێلی بەرامبەر خۆی نەبینێت و تووشی رووداوی هاتوچۆ ببێت.

سەنگەر سەڵاح، بەڕێوەبەری هاتوچۆی کۆیە بە 964ـئ وت، زۆری ئەو رووداوانە لەو لۆفەیەدا هۆکارەکەی ئەوەیە لۆفەکە زۆر لێژ و لارە و شۆفێرانیش زۆرجار پابەندی خێرایی دیاریکراو نابن و هێماکانی هاتوچۆش لەو شوێنەدا کەمن، بوونی گردێکیش لەو شوێنەدا هۆکارێکی ترە، بۆیە بڕیارمانداوە بە زووترین کات چەندین هێمای هاتوچۆی تایبەت بەو شوێنە دابنێین تاوەکو ببێتە هۆی کەمبوونەوەی رووداوەکان.

وتیشی، زۆربەی رووداوەکان لە شەودا روودەدەن، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هێمای هاتوچۆ لەو شوێنەدا زۆر پێویستە و شۆفێران لەو رێگەیەدا هەست بە بوونی رکی لۆفەکە ناکەن و خێرایی ئۆتۆمبێلەکانیان کەم ناکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی رووداوەکانی رێگەی دەشتی کۆیە لەو شوێنەدا روودەدەن، لەمکاتەدا خەریکی کۆکردنەوەی ئامارەکانی رووداوی هاتوچۆین لە سنووری قەزای کۆیە، بۆیە هیچ ئامارێکی دیاریکراومان لەو شوێنەدا لەبەردەست نییە لە ئێستادا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی