کێشەی ئاو، وەزیری شارەوانی و پارێزگاری کۆکردەوە
لە هەولێر زیاتر لە 100 بیری ئاو لەکار دەکەون
964+
شۆڕش قادری
چارەسەرکردنی کەمیی ئاوی خواردنەوە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاو لە هەولێر، پارێزگار و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری کۆکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 4.12.2024 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار کۆبوونەوەیەکیان لەبارەی كاری هەر سێ پرۆژەكانی ئاوی هەولێر و قوشتەپە و دروستكردنی تۆڕەكانی ئاو ئەنجامداوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەدواداچوون كراوە بۆ دوایین بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکان و رێكخستنەوەی تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوەی ئەو گەڕەك و شوێنانەی كە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر دەیانگرێتەوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، بە جێبەجێكردن و تەواوبوونی پرۆژەی دروستكردن و رێكخستنەوەی تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوە، یەكسەر ئاو دەگەیەندرێتە ماڵان، گرفتی کەمئاوی لە شاری هەولێر چارەسەر دەبێت و زیاتر لە 100 بیری ئاو لە كاركردن دەوەستن.