فەرماندەی هێزەكانی سنوور
عێراق هێزی زیاتری بردووەتە سنووری سوریا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
فەرماندەی هێزەكانی سنووری عێراق رایگەیاند، هێزی زیاتریان بردووەتە سنووری سوریا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشێلكاری و هێرشێك، كە لە لایەن “تیرۆریستان”ـەوە بكرێت.
فەریق محەمەد عەبدولوەهاب بە كەناڵی ئەلعراقییەی راگەیاند، هێزەكانی عێراق، بە هێزی زیادەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشێلکارییەک لەسەر سنوور لەگەڵ سوریا ئامادەن.
وتیشی، “سنوورەکانمان لەگەڵ سوریا درێژییەکەیان بە درێژایی 618 کیلۆمەترە، رێوشوێنەکانمان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانیش نوێ نین، بەڵکو ساڵانێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە”.
“لە سنووری عێراق و سوریا زنجیرەیەک خۆبەهێزكردنمان ئەنجامداوە، 600 کیلۆمەترمان بە تەلی دڕکاوی و دیوارێکی کۆنکرێتی لەگەڵ لایەنی سوریا پتەو كردووە”، محەمەد عەبدولوەهاب وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، سنووری لایەنی سوریا بە تەواوی بە کامێرای گەرمی (حەراری) رووماڵ كراوە، 918 کامێرای گەرمی 85%ی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ چاودێریی دەكەن.
فەرماندەی هێزەكانی سنوور ئەوەی ئاشكرا كرد، “هەموو خاڵە سنوورییەکانمان بە سیستمێکی كارامەی پەیوەندی تۆكمە كردووە، هێڵی بەرپەرچدانەوەی عێراق بەهێزە و ئامادەیە بۆ رێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی تیرۆریستی، هەروەها بەهێزکراوە بە ناردنی هێزی زیادە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشێلکارییەک لەسەر سنووری سوریا”.
دوای رووداوەكانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی سوریا و دەستبەسەردارگرتنی چەند شار و ناوچەیەك لەلایەن گرووپە چەكدارییەكان و هەڵگیرسانەوەی شەڕ، حكومەتی عێراق كەوتووەتە باری ئامادەباشییەوە و سنوورەكانی لەگەڵ سوریا پتەوكردووە، وەك ئامادەكاری بۆ هەر ئەگەر و هێرشێك لە لایەن گرووپە چەكدارییە توندڕۆكانەوە.