بەهۆی گرانی دۆلار خۆپیشاندانە لە بەغدا
964+
هێمن بەکر
کەمێک لەمەوبەر، خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا دەستیپێکرد، بە قسەی خۆیان بەهۆکاری گرانی نرخی دۆلار ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
دوێنێ پێنجشەممە، رێکخەرانی جوڵانەوەی تشرینییەکان لە پارێزگاکانی عێراق داوای خۆپیشاندانیان کردووە لە بەغدا و شارەکانی تر، دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دینار.
هاوکات، ئەو کەناڵ و تۆڕە میدیاییانەی سەر بە رەوتی سەدرن وا دەردەکەون کە پشتگیریان لێبکەن.
جوڵانەوەی تشرینییەکان لە ساڵی 2019 دروستبوو، لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ کە دواتر دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی لێکەوتەوە.
لە دروشمەکانیاندا، خۆپیشاندەرەکان داوایان لە حکومەتی ناوەندییە کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار رابگرێت، بۆ ئەوەی نرخی خواردن و شتومەک بەرزنەبێتەوە.
دوو رۆژە نرخی 100 دۆلار لە سەرو 170 هەزار دینارە، کە ئەوە بەرزترین ئاستە لە ساڵی 2003 تاوەکو ئێستا.
ئەم هەواڵە نوێدەکرێتەوە…