لە کێبڕکێی ئابووریدا عێراق پانزەیەمی وڵاتانی عەرەبییە

+964

فەهمی نەبی

سندوقی دراوی عەرەبی لە نوێترین راپۆرتیدا ریزبەندی ئەو وڵاتە عەرەبیانەی بڵاوکردوەتەوە کە ئابووریەکەیان کێبڕکێی پێشکەوتنی کردووە، بەجۆرێک ئیمارات لە پلەی یەکەم و عێراق لە پلەی پانزەیەمدایە.

هەڵسەنگاندنەکە لەسەر هەریەکە لەبنەماکانی “رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی، رەخساندنی ژینگەی وەبەرهێنان و ژێرخانی ئابوری”ە.

رۆژی پێنجشەممە دووی شوبات، ماڵپەڕی سندوقی دراوی عەرەبی، راپۆرتێکی 74 لاپەڕەیی بڵاوکردوەتەوە بەناونیشانی “راپۆرتی کێبڕکێی ئابووری عەرەبی 2022”.

لە راپۆرتەکە، ئاماژە بە ریزبەندی ئەو وڵاتانە کراوە کە لە ساڵی 2022 توانیویانە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بەشێوەیەکی باش رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە، بە جۆرێک ئیمارات لە پلەی یەکەم و قەتەر لە پلەی دووەم و سعوودیە لە پلەی سێییەمدایە، لەو ریزبەندییە عێراق لە پلەی پانزەیەمدایە.

بەپێی راپۆرتەکە، ریزبەنەندی وڵاتانی عەرەبی نێو کێبڕکێیەکە، بەمجۆرە دەستنیشانکراوە، ئیمارات لە پلەی یەکەم دایە، قەتەر لە پلەی دووەم، سعوودیە لە پلەی سێیەم، کوێت چوارەم، شانشینی عومان پێنجەم، بەحرێن شەشەم، مەغریب حەتەم، ئوردن هەشتەم، تونس نۆیەم، میسر دەیەم، جەزائیر یانزەیەم، مۆریتانیا دوانزەیەم، لوبنان سیانزەنم، لیبیا چواردەیەم، عێراق لە ریزبەندی پانزەیەم، یەمەن شانزەیەم و سوودان حەڤدەیەم.

بەشێکی تری راپۆرتەکە تەرخانکراوە بۆ ریزبەندی ئەو وڵاتانەی کە رێژەی بێکاری تیایدا بەرزە، لەمەیاندا عێراق لە پلەی شەشەمی وڵاتانی عەرەبی دایە، هەریەکە لە وڵاتەکانی لیبیا و سودان و ئوردن لەپەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمن.  

وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ساڵی رابردوو بڵاویکردۆتەوە رێژەی بێکاری لە عێراق %16.5

سندوقی دراوی عەرەبی، رێکخراوێکی عەرەبییە و لەساڵی 1976 دامەزراوە، لەلایەن کۆمکاری عەرەبیەوە پاڵپشتی دەکرێت و بارەگاکەی لە دوبەی پایتەختی ئیماراتە.

دەتوانن لە رێگای ئەم لینکەوە خوێنەری راپۆرتەکە بن.