گوندی سۆنەگۆلی لە سنووری كەركوک چوار رۆژە بێ ئاو و كارەبان

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

هەركە سەرمای زستان هات، گوندی سۆنەگۆلی لە شاری کەرکوک كێشەی نەبوونی كارەبای بۆ دروست دەبێت، ئەمشەویش خەڵكی گوندەكە هاتوونەتە دەرەوە و داوا دەكەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی شاری كەركوك چارەسەریان بۆ بكەن.

ئەمشەو یەکشەممە 1.12.2024 دانیشتووانی گوندی سۆنەگۆلی لە دژی نەبوونی کارەبای نیشتمانی، كە بۆ ماوەی زیاتر لە چوار رۆژە بێ ئاو و كارەبان، گردبوونەوە و لە رێگەی 964ەوە داوا دەکەن لایەنە پەیوەندی دارەکان بەهانایانەوە بچن.

بە قسەی هاوڵاتیانی گوندەكە، نەك هەر زستان، هاوینانیش كێشەی بێ كارەباییان هەیە.

مەلا جیهاد دانیشتووی گوندەکە بە 964ـی وت، “ماوەی چوار رۆژە کێشەی نەبوونی کارەبای نیشتمانیمان هەیە، گوندەکەمان لە 300 ماڵ زیاتر پێکهاتووە و لە 60 ماڵ کێشە نەبوونی کارەبای نیشتیمانی هەیە”.

وتیشی “جیا لە کارەبا، چوار رۆژە کێشەی ئاویشمان هەیە بەهۆی ئەوەی بیرەکان بە کارەبا کار دەکە”.

ئەحمەد عەبدوڵا دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکەیە و بە 964ـی وت، وەرزەکە زۆر ساردە و منداڵەکانیان ناتوانن بخوێنن، هەروەها بەهۆی ئەوەی بەشێک لە ماڵەکان کارەبایان هەیە، مۆلیدەی گوندەکە ناتوانێت کار بکات.

سەرچاوەیەک لە راگەیاندنی فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبای کەرکوک بە964ـی وت، کێشەکە تەنیا ئەوان نین، بەڵکو سەرتاسەری عێراقە، بەهۆی ئەوەی وڵاتی ئێران غازی شل رەوانەی عیراق ناکات بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا

ئاماژەی بەوەش دا، گوندەكە کێشەی محاویلەی کارەبایان هەیە، ماڵی زۆری لەسەرە، هیتەر و ئامێرەکانی گەرمکردنەوەی زۆر کار پێدەکەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

کارەباى گەڕەکى ژین بە دوعا راوەستاوە

کارەباى گەڕەکى ژین بە دوعا راوەستاوە