لە زۆربەى ناوچەکانى پارێزگاى سلێمانى

لە دژى دواکەوتنى موچە گردبوونەوە و بایکۆت دەستیپێکرد

964+

وریا فەتاح

جارێکى دیکە بەهۆى دواکەوتنى موچە بایکۆت و گردبوونەوە لەچەند ناوچەیەکى کوردستان دەستیپێکرد.

لە سنوورى ئیدارەى راپەڕین، مامۆستایانى هەردوو قوتابخانەى گوندەکانى شێنێ و سونێ، بایکۆتیان راگەیاند و دەڵێن تا موچە وەرنەگرن، دەرگاى قوتابخانە ناکەنەوە.

دواکەوتنى موچە بایکۆتى دەستپێکردەوە

دواکەوتنى موچە بایکۆتى دەستپێکردەوە

لە کاتێکدا موچەى مانگێکیان تەنیا 300 هەزار دینارە، بەڵام چوار مانگە کرێکارانى باخچەکانى ئیدارەى راپەڕین موچەیان پێنەدراوە، هەربۆیە ئەمڕۆ گردبوونەوە و کارکردنیشیان راگرتووە.

لە سلێمانیش پزیشکانی نێشتەجێی خولاو بۆ رۆژی دووەم لەسەریەک لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی گردبوونەوە و دەڵێن کاتی دەوامیان زیاد کراوە و هەڕەشەی بایکۆت دەکەن.

یەکێک لەو پزیشکانە قسەی بۆ 964 کرد و دەڵێت، چەند مانگێک پێش ئێستا لەسەر نەدانی موچەکانیان چەند رۆژێک بایکۆتیان کرد بەڵام گەڕانەوە دەوام ئێستا کاتی دەوامیان زیاد کراوە و شوێنی مانەوەی موقیمیشیان نییە.

بۆ رۆژی دووەم پزیشکانی نیشتەجێی خولاو گردبوونەوە

بۆ رۆژی دووەم پزیشکانی نیشتەجێی خولاو گردبوونەوە

لە شارەزوریش کارمەندان و پزیشکانى فریاکەوتنى نەخۆشخانەى گشتى شەهید رەوف بەگ، بایکۆتى دەوامیان کرد.

فەرمانبەرانی دادگای بەرایی دەربەندیخانیش، ئەمڕۆ یەک شەممە بەھۆی پێنەدان و دواکەوتنی مووچەکانیان بایکۆتی دەوامیان کرد.

سلێمان محەمەد،قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ى وت،”ئاگاداریان کردوینەتەوە کە فەرمانبەرانی دادگای بەرایی دەربەندیخان لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە بایکۆتیان کردووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد،”تا ئێستا بەفەرمی ھیچ فەرمانگەیەکی خۆجێی قەزای دەربەندیخان ئاگاداریان نەکردوینەتەوە کە بایکۆتیان کردبێت”.