وەزارەتی خوێندنی باڵا زەمالەی خوێندنی لە تورکیا راگەیاند
964+
توانا نەقی
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، زەمالەی خوێندن بۆ ماستەر و دکتۆرا بۆ ساڵی خوێندنی 2023 لە وڵاتی تورکیا رادەگەیەنێت.
راشیگەیاندووە، وەزارەتی خوێندنی باڵا تەنیا پشتگیری پرۆسێسی ماستەر و دکتۆرا دەکات، داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەرانیش دەکات تا 20ی شوبات فۆڕمەکانیان پڕبکەنەوە وەک دوا وادە بۆ پێشکەشکردن.
وەزارەتەکە مەرجەکانی بۆ وەرگرتنی ئەو کەسانەش کە داوا پێشکەش دەکەن لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک درەنگانی شەوی رابردوو بڵاویکردەوە، دەڵێ: داوا پێشکەش کردن تەنیا بە رێگەی ئۆنلاین دەبێت.
داواکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت و ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت، دەبێت دوو ساڵ بەسەر بەدەستهێنانی دواین بڕوانامەی رۆشتبێت.
هەروەها ئەو کەسەی دەیەوێت بۆ ماستەر بخوێنێت دەبێت کۆنمرەی بەکالوریۆسی لە 65٪ کەمتر نەبێت و بۆ دکتۆراش دەبێت کۆنمرەی ماستەرەکەی 70٪ کەمتر نەبێت.
یەکێکی دیکە لە مەرجەکان، دەبێت داواکار لەهەمان پسپۆری خۆیدا درێژە بە خوێندن بدات، واتە بڕوانامەی پێشتری لە چیدا بەدەستهێناوە بەهەمان شێوە لەو بوارەدا بخوێنێتەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، کاندیدی سەرکەوتوو بۆ خوێندن لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دارایی دەکرێت، ئەوان تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدەن.