كارتی زانیاری لە كەلار:
“بۆ مامەڵەی كارتی زانیاری چیتر پارەی كاش وەرناگرین”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
قایمقامیەتی قەزای كەلار رایگەیاند، بە پێی ئەو رێنماییەی لە بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی زانیاری لە سلێمانییەوە پێیان گەیشتووە، لە سەری مانگی نوێیەوە چیتر بۆ دەركردنی كارتی زانیاری، پارەی كاش لە هاوڵاتیان وەرناگرن و دەبێت كارتی بانكییان هەبێت.
قایمقامیەتی قەزای كەلار بڵاویكردەوە، لە 1.12.2024ـەوە بە هیچ جۆرێک لە بەڕێوەبەرایەتیمان و پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین، کار بە پێدانی پارە بە دەست ناکرێت (پارەی كاش)، بەڵکو تەنیا بە پارەدانی ئەلیکترۆنی لە رێگەی ئامێری (pos)دەبێت.
هەروەها ئاماژە بەوە دەكەن، داواکارن لە هاوڵاتیان، بۆ ئەوەی کارەکانیان بۆ رایی بکرێت و ببن بە خاوەنی کارتی زانیاری، پێویستە هەڵگری یەکێک لە کارتەکانی (visa card_Master card)بن، داواكاریشن هەر هاوڵاتییەك ئەو كارتە بانكییانەی نییە، با سەردان نەكەن، تا دەبنە خاوەنی ئەو كارتە بانكییانە.