دلاوەر عەلادینەکەی خۆمان و ئەوەی ئیتاڵیا
13 خولەک بەسە بۆ ئەوەی لە وەزعی عێراق و کوردستان دەرودراوسێ تێبگەیت
+964
ژووری هەواڵ
دلاوەر عەلادین و پاولۆ ماگری گفتوگۆیەکی ورد دەکەن لەسەر وەزعی عێراق و دەرودراوسێکانی و دنیا، بە 13 خولەک ئەوەی پێویستە بزانرێت باسی دەکەن و دەردو دەرمانی عێراق دەخەنە روو.
د.دلاوەر عەلادین سەرۆکی دامەزراوەی مێرییەو پیاوێکی لێزان و خوێندەوارە لە بوارەکەی خۆیدا، وەک دەڵێن دەستوپەنجەی لەگەڵ لێکدانەوەی بارودۆخەکە شلکردووە، ئەمجارە لەلایەن پاولۆ ماگری بەڕێوەبەرو سەرۆکی بۆردی دامەزراوەی راوێژکاری ئیتاڵی بۆ توێژینەوەی نێودەوڵەتی، میوانداری کراوە، بە کورتی پاولۆ ماگری دلاوەر عەلادینەکەی ئیتاڵیایەو سەرۆکی دامەزراوەیەکی بە ناوبانگە کە 90 ساڵە هەیە
چاوپێکەوتنەکە 13 خولەک و شتێکە، لەسەر یوتیوبی دامەزراوەی راوێژکاری ئیتاڵی بۆ توێژینەوەی نێودەوڵەتی داندراوە، ئێوەش لێرە دەتوانن بیبینن
پاولۆ مەگری کاتێک دلاوەر عەلادین دەناسێنێت دەڵێت: دلاوەر عەلادین هەم سەرۆکی دامەزراوەی مێرییە، هەم وەزیری پێشووتری خوێندنی باڵاو تێژینەوەی زانستی بوو لە کوردستان، هەم مامۆستای پزیشکییە لە زانکۆی نۆتنگهام و هەم هاوڕێیەشمە، دوای ئەوە یەکسەر لەسەر بارودۆخی عێراق پرسیاری لێدەکات و دەڵێت عێراق چۆن دەتوانێت هاوسەنگی رابگرێت لە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکاو ئێران؟
دلاوەر عەلادین دەڵێت: پێشتر بارودۆخەکە ئاڵۆز بوو، بەڵام لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی تازە ژینگەکە لە بارتری دروستکرد، حکومەت راستەوخۆو بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵانە لەگەڵ هەردوولا مامەڵەی کردووە، چووە ئێران وتی ئێوە هاوبەشی ستراتیژی ئێمەن و دراوسێیەکی زۆر گرنگن، بەڵام ئەمە نابێت لەسەر حیسابی ئەمریکا بێت، چونکە ئەوانیش بۆ ئێمە گرنگن، چووە واشنتن و هەمان شتی کرد، وتی دەکرێت پەیوەندی ئێمەو ئێوە گەشە بکات و ببێتە شتێکی ستراتیژی، بەڵام نابێ لەسەر حیسابی ئێران بێت، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ تورکیاو وڵاتانی کەنداوو میسرو ئەردەن باشکرد.
سەرۆک وەزیران پرۆفیشناڵانە لەگەڵ ئەمریکا و ئێران مامەڵەی کرد
پاولۆ ماگری لەوە دەپرسێت ئاخۆ سەرۆک وەزیران بۆ ناوخۆش هەروا بووە، دلاوەر عەلادین دەڵێت: کێشە بنەڕەتییەکانی عێراق بەردەوامن و باردۆخێکی شڵۆق و دامەزراوەی لاواز هەن، نوخبەی دەسەڵاتدار لە ماوەی 21 ساڵدا نەیانتوانیوە دەستور بخەنە سەر ئەرزی واقیع بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی بەهێزو خاوەن سەروەری.
نوخبەی دەسەڵاتدار لە ماوەی 21 ساڵدا نەیانتوانیوە دەستور بخەنە سەر ئەرزی واقیع بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی بەهێز
لە عێراق دەوڵەت هەیە و لایەنی ناحکومیش هەن، ئابوری تەنیا پشتی بە نەوت بەستووە، هەموو ساڵێک ملیۆنێک کەس زیاد دەکات، ئێستا بووینەتە 45 ملیۆن کەس، کەواتە کێشەکانی عێراق زۆرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆک وەزیران توانیویەتی پاڵپشتی هێزەکان بەدەست بێهێنێت و بڕوا بە پەرلەمان بهێنێت گەورەترین بوجە لە مێژووی عێراقدا پەسەند بکات کە بوجەی سێ ساڵە پێکەوە، لە بواری ژێرخاندا کاری کردووە، عێراق ئێستا بوژاوەترو جێگیرترە، وایکرد هێزە چەکدارەکان عێراق رانەکێشنە ناو ململانێیەکی نا پێویستەوە.
عێراق ئێستا بوژاوەترو جێگیرترە
کاتێک پرسیاری پەیوەندی نێوان بەغداو هەولێر دەکات، دلاوەر عەلادین دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام رووبەرووی کێشە دەبێتەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ ئەم حکومەتە سەرەتایەکی باشی دەستپێکرد، پەیوەندی نێوان هەردوو سەرۆک وەزیران دۆستانەیە، هەوڵ دەدەن چارەسەر بۆ کێشەکان ببیننەوە.
حکومەتی هەرێم بەردەوام رووبەرووی کێشە دەبێتەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا
کێشەکە ئەوەیە پەیوەندی نێوان بەغداو هەولێر بە دامەزراوەیی نەکراوە، ئەم پەیوەندییە پێویستی بە کۆمەڵێک یاسایە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکەو دابەشکردنی سامان، هەمیشە بە دۆستەکانم دەڵێم لە کوردستان دەنگیان یەک بخەن لە بەغدا، بەڵام وایان نەکردووە.
کێشەکە ئەوەیە پەیوەندی نێوان بەغداو هەولێر بە دامەزراوەیی نەکراوە
دەستوور کەلێنی تێدایە سەبارەت بە کوردستان، ئەوان وەک هاوبەشی دەسەڵات مامەڵە لەگەڵ کورد ناکەن، بۆیە ئەم کێشەیە ئاسان چارەسەر نابێت، باشیەکە ئەوەیە لانی کەم ئەم حکومەتە نەیهێشتووە گرفتەکان تەشەنە بکەن.