"کێشە لە محەتەکان هەیە"
هەفتەیەکە شنگال و ناحیەی گرعوزێر بێکارەبان
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
ماوەی هەفتەیەکە کارەبای شنگال و ناحیەی گرعوزێر بڕاوە، بەڕێوەبەری کارەبای شنگالیش دەڵێت، خەریکی چاککردنەوەین.
خەیری خدر، دانیشتووی ناحیەی گرعوزێرە لە شنگال بە 964ـی وت، ماوەی هەفتەیەکە کارەبامان نییە و بەشەو رۆژ تەنیا دوو کاتژمێر کارەبامان هەیە.
وتیشی، لەو دوو کاتژمێرەدا زیاتر لە شەش جار کارەبا دێت و دەبڕێت و نزیکەی 10 هەزار ماڵ ئەم کێشەیەیان هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28.11.2024، ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری کارەبای شنگال بە 964ـی وت، لە ئێستادا خەریکی چاککردنی کارەباین لەو شوێنانەی گرفتیان هەیە و لەئێستاشدا کارەبا نییە بەڵام کێشەکە کاتیە و چارەسەری دەکەین.
بەڵام بە قسەی ئەو بەڕێوەبەرە بێت، هەفتەیەکە کارەبای ئەو ناوچەیە تێکچووە، کێشە لە محەتەکانی کارەبا هەیە و لەکارکەوتون.
لە سنوری شنگال و ناحیەی گرعوزێر زیاتر لە 10 هەزار ماڵ نیشتەجێن، ئێستا تەواوی ئەو 10 هەزار ماڵە کێشەی نەبوونی کارەبایان هەیە.
پێداچوونەوە: هاوبەش