ناحیە دەڵێت بومەلەرزە بوو کەشناسیش رەتیدەکاتەوە
دەنگێکی بەهێز گوندی باریکەی سنووری عەربەت هەژاند
964+
بروا مەجید – شارەزوور
دەنگێکی بەرز لە عەربەت بیسترا و بەڕێوەبەری ناحیە دەڵێت بومەلەرزە بووە، و کەشناسی سلێمانیش دەڵێت هیچ بومەلەرزەیەک تۆمار نەکراوە.
کەمێک پێش ئێستا لە گوندی باریکەی سەر بە ناحیەی عەربەت دەنگێکی بەھێز بیسترا هاوڵاتیانيش لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە.
دابان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بۆ 964، پشتڕاستی کردەوە کە دەنگەکەیان بیستووە وتیشی “ئەو دەنگەی لە سنوری ناحیەکەمان بیستراوە بومەلەرزە بوو”.
964 بۆ دڵنیابوونەوە لە هۆکاری دەنگەکە پەیوەندی بە ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانییەوە کرد، ئەو رەتی کردەوە دەنگەکە هی بومەلەرزە بووبێت و وتی، ئەمڕۆ هیچ بوومەلەرزەیەک لە سنوورەکە تۆمار نەکراوە.
پێشتریش بیلال عەزیز، هاوڵاتیەکی گوندی باریکە سەبارەت بەو دەنگە بۆ 964 ئەوەی وت ئەوکات لە دەرەوە بووە دەنگێکی زۆر بەهێز بیستراوە و لەگەڵیدا زەویەکە دەلەریەوە، وتیشی “بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان لەماڵەکانیان هاتنە دەرەوە”.
پێداچوونەوە: فەرهاد حەسەن