دیمهنێكى پێشووى خۆپیشاندانى مامۆستایانى سنوورى پشده‌ر.. وێنه: 964+
"له موچه‌ى مانگى 10 دڵنیاین كه ده‌درێت"
یه‌كێتى مامۆستایان چاوه‌ڕێی هه‌واڵى نه‌دانى موچه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى خۆى رابگه‌یه‌نێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان، چاوه‌ڕێی ئه‌و هه‌واڵه ده‌كات كه ئاماژه به نه‌دانى موچه‌كانى ئه‌مساڵ بكات، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن هه‌ڵوێستى خۆیان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌رى بایكۆتكردنى ده‌وام له‌لایه‌ن مامۆستایانى كوردستانه‌وه رابگه‌یه‌نێت.
تاوه‌كو ئێستا موچه‌ى مانگى 10ـى ئه‌مساڵ دابه‌ش نه‌كراوه له‌كاتێكدا به‌ره‌و كۆتایی مانگى 11 ده‌چین.
ئه‌حمه‌د سابیر گه‌رمیانى، سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان به 964ـى راگه‌یاند، ئه‌وان وه‌كو رێكخراوه‌كه‌یان ته‌نیا ده‌توانن فشار له‌سه‌ر حكومه‌ت دروستبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى موچه‌ى مامۆستایان بدرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌دواداچوونیان بۆ ئه‌مه كردووه.
وتیشی “له موچه‌ى مانگى 10 دڵنیاین كه رۆژى دووشه‌ممه یاخود سێشه‌ممه ده‌گات، به‌ڵام بۆ دوو موچه‌كه‌ى دیكه به‌رده‌وام به‌دواداچوونى بۆ ده‌كه‌ین”.
به‌قسه‌ى سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان، به‌غدا هه‌ر رۆژه‌و بیانووێك بۆ لیستى موچه ده‌دۆزێته‌وه و ئه‌وى خه‌تابار كرد له دواكه‌وتنى مووچه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه ئه‌گه‌ر دوو موچه‌كه‌ى كۆتایی ئه‌مساڵ نه‌درا، وه‌كو یه‌كێتى مامۆستایان هه‌ڵوێستسان چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر مامۆستایانى هه‌رێمی كوردستان بایكۆتى ده‌وامكردن بكه‌ن، ده‌ڵێت “تاوه‌كو هه‌واڵى نه‌دانى دوو موچه‌كه نه‌زانین هیچ هه‌ڵوێستێك له‌باره‌ى بایكۆتى مامۆستایان ئاشكرا ناكه‌ین”.