سبەینێ شەممە لە رزگارى
یەکەمین فێستیڤاڵى ئەدەبى جینۆساید بۆ شیعرو چیرۆک بەڕێوە دەچێت
964+
وریا فەتاح
سبەینێ، یەکەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی جینۆساید بۆ شیعرو چیرۆک لە رزگارى بەڕێوە دەچێت.
رێکخراوى هاوکارى ئەڵمانى بڵاوى کردەوە، رێکخراوى یەکێتیى نوسەرانى جینۆسایدى کوردستان بە هەماهەنگى رێکخراوى هاوکارى ئەڵمانى بە دروشمى (وشە وەک شایەتحاڵى جینۆسایدەکان)، یەکەمین فێستیڤاڵى ئەدەبى جینۆساید بۆ شیعرو چیرۆک، ئەنجام دەدات.
فێستیڤاڵەکە کاتژمێر 9:30 خولەکى بەیانى لە هۆڵى شەهید حەمە کەلارى لە ناحیەى رزگارى بەڕێوە دەستپێدەکات.
بەشداربووان لە چوار چیرۆکنووس و 11 شاعیر پێکدێن و بەچەند دەقێکى ئەدەبى بەشدارى دەکەن.
ناحیەى رزگارى دەکەوێتە سنوورە ئیدارەى گەرمیان و بە نیشتمانى ئەنفال ناسراوە، چونکە یەکێکە لەو شوێنانەى زۆرترینى لە دانیشتوانەکەى بەر شاڵاوى ئەنفال کەوتووە.
زیاد فاروق، رێکخەرى پڕۆژەکانى رێکخراوى هاوکاریى ئەڵمانى لە گەرمیان قسەى بۆ 964 کردووە و وتى،” رزگارى مەڵبەندى ئەنفالە بۆ ئیشەکەمان بردووەتە ئەوێ و یەکەمجارە بەڕێوە دەچێت و ئەدیب و شاعیر لە هەموو کوردستانەوە بە دەقەکانیان بەشدارى دەکەن”.
وەک باسى دەکات، هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکان دەکرێت و خەڵاتى یەکەم و دووەم و سێیەم دەدرێت و لەلایەن لیژنەیەکى پسپۆڕەوە هەڵسەنگاندنى بۆ دەکرێت.