لە زانکۆی کۆیە
1.12 رۆژی دەستپێکی خوێندنە بۆ خوێندکارانی قۆناغی یەکەم
964+
ژێوار خدر
زانکۆی کۆیە یەکەم رۆژی دەستپێکی خوێندنی ساڵی 2024 -2025ـی بۆ خوێندکارانی قۆناغی یەکەم دیاری کرد و خوێندکاران لە 1.12.2024 دەست بە خوێندن دەکەن لە زانکۆکەدا.
محەمەد سەیدگوڵ، لێپرسراوی راگەیاندنی زانکۆی کۆیە بە 964ـی وت، ئەمساڵ بەهۆی بوونی چەند پشوویەکەوە جێبەجێکردنی مامەڵەی بەشێک لە خوێندکاران دواکەوت، بۆیە دەرفەتمان داوە بە خوێندکاران لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 24.11.2024ەوە ئەوانەی مامەڵەکانیان تەواو نەکردووە دەتوانن تا 1.12.2024 سەردانی بەشی تۆماری زانکۆمان بکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان، بۆ ئەوەی بتوانن لە رێكەوتی دیاریکراو دەست بە خوێندنی ئەمساڵ بکەن و بێبەش نەبن.
وتیشی، “سێ بەشی تازەمان لە زانکۆکەمان کردووەتەوە، بەم هۆیەشەوە رێژەیەکی زیاتری خوێندکارمان وەرگرتووە بەراورد بە ساڵانی رابردوو”.
روونیشیکردەوە، ئەمساڵ زیاتر لە دوو هەزار و 500 خوێندکارییان وەرگرتووە و بە گشتیش نزیکەی شەش هەزار خوێندکار لە زانکۆی کۆیە دەخوێنن.